ئەمەریکا پێشوازی لە 20 هەزار کۆچبەر دەکات

بایدن: سنوورەکانمان کۆچبەری یاسایی سوودی بۆ ئابووریمان هەیە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەمەریکا پێشوازی لە 20 هەزار کۆچبەر دەکات، سەرۆکی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، دژی کۆچبەری نایاسایی سنوورەکانیان توندتر دەکەن.

لە پەراوێزی کۆتایی هاتنی لووتکەی هەردوو ئەمەریکا، لە لۆس ئەنجلس، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، وڵاتەکەیان لە ساڵانی 2023 و 2024 پێشوازی لە 20 هەزار کۆچبەری ئەمەریکای لاتین دەکات و 314 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی کۆچبەران، بە تایبەت کۆچبەرانی ڤێنزوێلا تەرخان دەکات.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، کۆچبەری یاسایی سوودی بۆ ئابووریان هەیە، بەڵام دژی کۆچبەری نایاسایی دەوەستنەوە و رێبازی وەرگرتنی کۆچبەرانیش دەگۆڕن.

دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی هەردوو ئەمەریکا، لە وتارێکدا جۆ بایدن، گوتی: "بەم بەیاننامە هاوبەشە رێبازی خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ لە ئەمەریکا دەگۆڕین، هەموومان واژۆ لەسەر پابەندبوونەکانمان دەکەین و دان بەو ئاڵنگارییانە دادەنێین کە هاوبەشین تێیدا، دان بە بەرپرسیارێتی و کاریگەرییەکان لەسەر هەموو نەتەوەکان دەنێین".

گوتیشی: "لە چەند ساڵی رابردوو قەیرانی ئابووری جیهانی بەهۆی کۆرۆنا سەریهەڵداوە و ئێستا بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا خراپتر بووە، گێژاوی خۆسەپێنی لە چەند ناوچەیەک بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆچکردن، ئێمە دەزانین کۆچی سەلامەت و یاسایی بۆ ئابوورییمان باشە، بەڵام پێویستە ئەو مەترسی و رێگایانە رابگرین کە نایاسایین، کۆچی نایاسایی قبووڵکراو نییە و سنوورەکانمان توندتر دەکەین، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان، دەمانەوێت هەموومان پڕۆژەی کۆچکردن لە چوارچێوەی یاسا رێکخەین".

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەمەریکا بەڵێنی دابوو پێشوازی لە 100 هەزار پەنابەری ئۆکرانی بکات، کە بەهۆی شەڕی رووسیا روودەکەنە ئەو وڵاتە.