"رێگای گەیشتن بە یەکسانی" بەسەرهاتی مرۆڤێکی کۆڵنەدەر

K24 - واشنتن:
تووبا ئەلیاسی، كتێبی "رێگای گەیشتن بە یەکسانی" بڵاوكردهوه، كه ناوهرۆكهكهی باس لە بەسەرهات، ژان، بێ مافی، ئازاری دوورە وڵاتی، نادادی و هەژاری دهكات.
بەردەوام هۆگری خوێندنەوەم، لە پاڵ هۆگریم بۆ خوێندنەوە، دوو قات خولیای خوێندنەوە، بینین یان گوێگرتن لەو بەرهەمانەم کە خاوەنەکانیان لە نزیکەوە دەناسم.
لەم رۆژانەدا هاورێی ئازیز و ماندوویی نەناسم، خاتوو تووبا ئەلیاسی، بە ناردنی دیارییەکی زۆر بەنرخ بە ناوی "رێگای گەیشتن بە یەکسانی" بەسەری کردوومەوە.
گرێچنی ئەو پەرتووکە نەخشاندنێکی بەهادارە لە بەسەرهات، ژان، بێ مافی، ئازاری دوورە وڵاتی، نادادی و هەژاری کە ئەگەر خەبات نەکەی و لە ئاست ئەو هەموو دژواریەدا تاقەت نەهێنی، ئەوە دەبێ تەسلمی قەدەر بی و بەوە رازی بی کە تێیدای و بۆت دیاری کراوە.
لە بەرانبەردا، ئیرادەی مرۆڤ بۆ گۆران و خەبات لە پێناوی یەکسانی و ئازادی؛ تین و تاوی هەنگاونان بەرەو پێشت تێیدا بەهێزتر دەکات. خاتوو تووبا راست ئەم کەسەیە بەسەرهاتەکەی نموونەی کۆڵنەدان و نەسرەوتنە، لە کۆتایی دا ژنێکی سالارمان دێتەپێش چاوو کە هیچ کەند و کۆسپێک لە رێگای گەیشتن بە سەرکەوتن کۆڵی پێنەداوە.
تووبا لە تەمەنی منداڵیدا و لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی 1979ی ئێران، وێرای بنەماڵە و هەزاران کوردی دیکەی رۆژهەڵات، بە هۆی شەڕ و ماڵوێرانی و ستەمگەری دەسەڵاتدرانی ناوچەکەوە، ئاوارەی عێراق دەبن و لە ئۆردوگای ''ئەلتاش'' دەگیرسێنەوە.
نووسەر لە تەمەنی 26 ساڵی وەکو پەنابەر دێتە وڵاتی نهروێج، ژیانی هاوبەش پێکدێنێت، دەبێتە خاوەنی دوو منداڵ، یەک لە منداڵەکانی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە بەردەوام پێویستی بە چاوەدێری هەیە. تووبا بەر لەوەی بێتە نهروێج، تا پێنجی سەرەتایی خوێندووە. کەچی لە نهروێج، وێڕای بەخێوکردنی منداڵان، کارکردن و ئەرکی سەرەکی سەرپەرشتی بنەماڵە، دەچێتە زانکۆ و لە دوو بواری ''زانستی سیاسیی و کۆمەڵ و کولتوور" بروانامەی بەرز وەردەگرێت.
لەگەڵ پیرۆزبایی و ماندوونەبوونی گەرم لە هاورێ تووبا ئەلیاسی، هیواخوازم ئەویندارانی خوێندنەوە بە گشتی، کچان و ژنانی کوردستانی بە تایبەتی، ئەم کتێبە بخوێننەوە تاکوو بەسەرهاتەکانی ژیانی تووبا بکەنە وانەیەک بۆ سەرکەوتن و تەسلیم نەبوون لە بەرانبەر دژواریییەکانی ژیان.
کورتەیەک له بارەی،"رێگای گەیشتن بە یەکسانی"
ساڵی 2022، لە دووتووێی 203 لاپەڕە و لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا، لەلایەن وەشانخانەی ژمارە 49 بڵاوکراوەتەوە.
د. مەجید حەقی دارشتنی ناوەرۆکی بۆ کردووە. نهخشسازیی بەرگ لە ئەستۆی فاروق قوبادی بووە، مافی خاوەنداریەتی بۆ تووبا ئەلیاسی پارێزراوە.