ئەمه‌ریکا: ناتوانین دڵنیایی بدەین تورکیا هێرش ناکاتە سەر سووریا

''تورکیا زۆر باش لە بۆچوونی ئێمە ئاگادارە"
كاروانێكی سوپای توركیا له‌ سووریا.. ئه‌رشیڤ
كاروانێكی سوپای توركیا له‌ سووریا.. ئه‌رشیڤ

K24 - واشنتن:

لیژنه‌ی په‌یوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی سینات، لە دانیشتنێکدا باسیان لەو مەترسی و هەڕەشانە کرد، کە تورکیا ماوەیەکە بە نیازە بیکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.

لە ماوەی هەفتەی رابردوودا سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب ته‌یب ئەردۆغان، چەند جار هەڕەشەی گورزی سەربازی بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاندووە و نیازی وایە "ناوچەیەکی ئارام" بە درێژایی سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا دابمەزرێنێت. ئەم ناوچانەش لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڕێوەدەبرێن، کە هاوپەیمانی ئەمه‌ریکان لە شەری داعشدا.

لە دانیشتنەكه‌دا، باڕبڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیك، بە ئەندامانی لیژنه‌ی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی راگەیاند، ''بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بە قووڵی نیگەرانی هەڕەشەکانی تورکیان، ئەوان بە خەستی کار بۆ ئەوە دەکەن، ئەو بارگرژییانە هێور بکەنەوە''.

باڕبڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیك
باڕبڕا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیك

نوێنەرەکەی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا و دیدی ئەمه‌ریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ''تورکیا زۆر باش لە بۆچوونی ئێمە ئاگادارە. ئێمە لە ئاستی بەرزدا قسەمان لەگەڵ کردوون. هەر جوڵە و کردارێکی سەربازی لەو دیوی سنوورەوە بۆ سەر باکووری سووریا، بە پلەی یەکەم هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە".

روونیشكرده‌وه‌، "به‌ پله‌ی دووەمیش هەڕەشەیەکی مەزن لەبەردەم ئەو ئامانجە گرنگەی هاوپەیمانان ساز دەکات، کە لە ئاست داعش هەیانە. روونە هاوبەشەکانیشمان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە ئێمە بێوچان کار دەکەین تا تورکیا لەو سەرکێشییە پاشگەز بکەینەوە. بەڵام ناشتوانم بەڵێنی ئەوەتان پێبدەم، کە تورکیا پاشەکشە دەکات''.

سیناتۆرەکان لە پوخته‌ی قسە و باسەکانیاندا پەرژانە سەر ئەو راستییەی، کە لەوە ناچێت تورکیا وه‌ڵامی نیگەرانییەکانی ئەمه‌ریکا لەسەر ئەو بابەتە و پرسەکانی دیکەش بداتەوە.

سیناتۆرێکی دیموکرات لەم بارەوە داوای لە بەرپرسانی واشنتن کرد، پێویستە زۆر بە روونی بە تورکیا بڵێین: ''هێرشکردنە سەر کوردانی سووریا، لای ئەمه‌ریکا قبوڵ کراو نییە. وەکو دەزانن ئێستا تورکیا هەڕەشەی ئەوە دەکات رێگه‌ بە ئەندامبوونی فینلەند و سوید لە ناتۆ نەدا، چونکە ئەو وڵاتانە پشتگیری لە کوردانی سووریا دەکەن. هەر بۆیە من پێموایە ئێستا کاتی ئەویە زۆر بە روونی بە تورکیا رابگەیەنین، ئێرە هێڵی سوورە".

هه‌ر له‌ دانیشتنەكه‌دا، دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەوە کرد. هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆڵێکی سەرەکیان لە پرۆسەی شکستپێهێنانی چەکدارانی داعشدا هەبووە، کە نەتوانن دیسان خۆیان لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا، رێکبخەنەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ''پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمه‌ریکا درێژە بە پشتیوانی هێزەکەکانی سووریای دیموکرات بدەن لە پێناو سەقامگیری ناوچەکە و رێگەگرتن لە هەڵاتنی گیراوەکانی داعش. بۆ ئەمەش دەبێت لەو ناوچانە پەرە بە بووژاندنەوەی ئابووری بدرێت''.

دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
دانا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگری لەبارەی گوشاری سەر ''هەسەدە''و مەترسییەکانی ئەو گوشارانە ئاشکرای کرد، ''هەنووکە هێزەکانی ''هەسەدە'' لە ژێر گوشارێکی زۆردان، چونکە لە ناوچەیەك کار دەکەن، کە پاش شکستی داعش تا ئێستاش ئاسایش و ئاوەدانی بۆ نەگەڕاوەتەوە. لە هەمان کاتدا کێشەی نەبوونی ئاسایشی خۆراك لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، ئەمەش ئاستەنگ بۆ خێزانەکان و هاوڵاتیانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ''هەسەدە'' ساز دەکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "بێگومان دابینکردنی پێداویستی وەکو دەوا و دەرمان لەو ناوچەیە زۆر ئاڵۆزە. ئەوەی هێزی ئەمه‌ریکا و هاورێ لەگەڵ هاوپەیمانان دەیکات، بریتییە لە دابینکردنی مووچە، راهێنان، دابینکردنی کەرەستەی تایبەت بۆ لە ناوبردنی داعش، هاوکات پشتگیریکردنی هێشتنەوەی ئەندامانی دەسبەسەرکراوی داعش لە گرووخانە بە شێوەیەکی توندوتۆڵ. لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ ناو سووریا، هێزەکانی ''هەسەدە'' دەکەونە ژێر گوشارێکی زۆرەوە".

لەو دانشتنەدا بە وردی باس لە رۆڵی خراپی رووسیا و مەترسی و هەڕەشەی میلیشیاکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و دۆستەکانیان لە ناوچەکەدا کرا و لەم بارەوە ئاماژە بەوە کرا، ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە کەڵك لەو  میلیشیایانە وەردەگرێت.