د. دیندار زێباری: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی دەدات بۆ سەرخستنی کارەکانی تیمی یونیتاد

K24 - ههولێر:
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە هاوکاری نێردەی هەمیشەیی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک رۆژی 10ی حوزهیران/ یۆنیۆی 2022 کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بە ناونيشانی (شێوازی کوشتنی بە کۆمەڵ - تاوانەکانی داعش لە عێراق).
لەم کۆبوونەوەیەدا کریستیان ریتسچیر، راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی یونیتاد، محەمەد حەسەن بەحرلعلوم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی پاڵپشتی یونیتاد، رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و چەند رێکخراوێکی دیکە ئامادەبوون.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کریستیان ریتسچێر سەرۆکی تیمی یونیتاد وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی له کار و چالاکییەکانی تیمەکەی کرد لە ماوەی رابردوو لە گشت بوارەکاندا، هەروەها ستایشی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ تیمەکەی.
د. دیندار زێباری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) وتەیەکی پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "لەدوای هێرشەکانی داعش حکومەتی هەرێم هەوڵیدا رفێندراوەکان لە دەست تیرۆریستان رزگار بکات، لە هەمان کاتدا لیژنەیەکی دامەزراند، کە ئەرکی بریتییە لە بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و بە جینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا هەوڵی جددی دەدات بۆ سەرخستنی کارەکانی تیمی یونیتاد کە بریتییە لە کۆکردنەوەی بەڵگە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و دادگاییکردنیان لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامیداون.
دیندار زێباری گوتی: لە شەڕەکانی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە ژێردەستی داعش، هێزەکانی پێشمەرگە قوربانیی زۆریان داوە، لەوانە (1800) شەهید و (10) ههزار و (369) بریندار و (47) بێ سەروشوێن لە هێزەکانی پێشمەرگە.
زێباری ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە رووی یاساییەوە هاوکاری قوربانیانی دەستی داعش و کەسوکاریان بکرێت، لەم رووەوە بە پشتگیری تیمی یونیتاد پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکان تیرۆریستانی داعش بە مەبەست دادگاییکردنیان بەپێی تاوانی نێودەوڵەتی وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی (NCC) تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دۆكیۆمێنتكردن تاوانەكانی داعش و ئاشكرای كرد، لە دامەزراوەکانی حكومەتی هەرێم (5170) دۆسیە تۆمارکراوە، لەوانە زیاتر لە (2324) دۆسیە لە دادگاکان تەواو کراوە و (20000) تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها (2916) دۆسیە بە بێسەروشوێن تۆمارکراوە و زیاتر لە (73912) لاپەڕەی ئەو تاوانانە ئەرشیف کراوە.
سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوانیش، د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کرد، کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ رزگارکردنی رفێنراون و دوای ئازادکردنیان پێداویستیەکانیان دابین دەکات. لەم رووەوە تا 22/2/2022 توانراوە (3552) رفێندراو رزگار بکرێن، لەوانە (1207) ئافرەت، (339) پیاوان، (1050) کچ، (956) کوڕ. هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە (1000) ئافرەتی رزگاربوو رەوانەی ئەڵمانیا كراون بۆ چارەسەركردن.