یه‌كه‌م حاڵه‌تی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له سوپای ئه‌مه‌ریكا تۆماركرا

K24 - هه‌ولێر:
سوپای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، یه‌كه‌م حاڵه‌تی ئاوڵه‌ی مه‌یموون له ریزی سوپاكه‌یان تۆماركراوه، كه یه‌كێكه له ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌وروپا.
بیل سبیكس، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌وروپا له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، تووشبووه‌كه ئێستا له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شتوتگارت له ئه‌ڵمانیا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و كه‌ره‌نه‌تین كراوه.
گوتیشی: به‌رپرسانی ته‌ندروستیی گشتی ئاماژه‌یان به‌وه كردووه، كه مه‌ترسی له سه‌ر كۆی دانیشتووان ئه‌گه‌رێكی كه‌مه، به‌ڵام بۆ خۆپارێزی، ئه‌وانه‌ی تێكه‌ڵاوییان له‌گه‌ڵ ئه‌و تووشبووه هه‌بووه، چاودێری ده‌كرێن.
گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی سوپای ئه‌مه‌ریكا له ئه‌وروپا روونیكرده‌وه، "تووشبووه‌كه له خزمه‌تی سه‌ربازیی بووه، كاتێك حاڵه‌ته‌كه‌ی پشتڕاستكراوه‌ته‌وه"، به‌ڵام ناسنامه‌ی تووشبووكه‌ی ئاشكرا نه‌كرد.
به‌مدواییانه ژماره‌یه‌ك ئاوڵه‌ی مه‌یموون له وڵاتانی رۆژئاوا وه‌ك ئیسپانیا، پورتوگال، به‌ریتانیا، سویسرا و نه‌مسا تۆماركرا، له‌هه‌مانكاتدا چه‌ند تووشبوویه‌ك له ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیلیش تۆماركراوه.
نه‌خۆشی ڤایرۆسی مه‌یموون "monkeypox" "ئاوڵه‌ی مه‌یموون"، نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌گمه‌نه، نیشانه‌كانی له‌سه‌ر پێست به‌دیارده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر هه‌ردوو ده‌ست و ده‌موچاوی، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی سووك، تووشبووه‌كه به ژانه‌سه‌ر و تا و گرژبوونی ماسولكه‌كان و ئه‌ستووربوونی غوده‌كانی ده‌ناسرێته‌وه.
نه‌خۆشییه‌كه دوو جۆری سەرەکی هەیە، یەکەمیان جۆری کۆنگۆیە، کە مەترسیدارترە، رێژەی مردنی له‌و جۆره‌دا دەگاتە 10%، به‌ڵام جۆره‌كه‌ی دیكه جۆری رۆژئاوای ئەفریقایە، کە رێژەی مردنی نزیکەی 1% ده‌بێت.