نوێترین ورده‌كاری له‌ باره‌ی گرێبه‌ستی ریال مه‌درید له‌گه‌ڵ چوامینی

چوامینی ناوه‌راستكاری نوێی فه‌ره‌نسی یانه‌ی ریال مه‌درید
چوامینی ناوه‌راستكاری نوێی فه‌ره‌نسی یانه‌ی ریال مه‌درید

چالاکییەکانی ریال مەدرید لە گواستنەوەکانی هاوینەی یاریزانان و ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی داهاتوو بەردەوامە و دووەمین گرێبەستی یەکلاکردەوە، دوای گواستنەوەی رۆدیگەری بەرگریکاری چێڵسی، ئەمجارە بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ ئۆریلین چوامینی فەرەنسی و ناوەڕاستکاری مۆ ناکۆ واژۆ کرد.

ریال مه‌دریدی خاوەنی ١٤ ناسناوی چامپیۆنزلیگ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند گرێبەستێکیان لەگەڵ چوامینی فەرەنسی واژۆ کرد و ئەم یاریزانە بۆ ماوەی شەش وەرزی داهاتوو درێسی شاهانەکان دەپۆشێت.

مێرەنگی هێمای بۆ ئەوەش کردووە یاریزانە نوێیەکەی ریال مەدرید رۆژی سێشەممە دوای تێپەڕاندنی پشکنینە پزیشکییەکان لە کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ وەکو یاریزانی نوێ پێشکەش دەکرێت و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ رێک دەخرێت.

بەپێی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ریال مەدرید لەپێناو گواستنەوەی ئەم یاریزانە ئۆفەرەکەی لە ٦٠ ملیۆن یۆرۆوە بۆ ٨٠ ملیۆن یۆرۆ بەرز کردەوە لەگەڵ دیاریکردنی ٢٠ ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشت لە ئەگەری بردنەوەی ناسناوەکان.

لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی مارکا نووسیویەتی چوامینی سوور بوو لەسەر پەیوەندیکردن بە ریال مەدرید و دوو ئۆفەری دیکەی گرانبەهای لەپێناو پۆشینی درێسی پاڵەوانەکەی ئیسپانی رەتکردووەتەوە.

چوامینی دوای ئێدین هازارد و گاریس بەیڵ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتە چوارەم گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی ریال مەدرید .

ریال مەدرید لەپێناو پارێزگاریکردن لە ناسناوەکان دوای گواستنەوەی رۆدیگەر و چوامینی چاوەڕێ دەکرێت چەند گرێبەستێکی دیکەش واژۆ بکات.

چوامینی به‌ڕه‌سه‌ن كامیرۆنیه‌، به‌ڵام هه‌رزوو هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا ئه‌م یاریزانه‌ی بانگهێشت كرد و له‌ژێر چنگی كامیرۆن ده‌ریهێنا، سه‌ره‌تا له‌ یانه‌ی بۆردی فه‌ره‌نسا ده‌ركه‌وت، دواتر له‌ 2020 به‌رامبه‌ر 14 ملیۆن یۆرۆ بۆ یانه‌ی مۆناكۆ گواسترایه‌وه‌ و ده‌ره‌وشایه‌وه‌.