زینه‌دین زیدان ده‌بێته‌ راهێنه‌ری پاریس سانجێرمان؟

زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری فه‌ره‌نسی
زینه‌دین زیدان راهێنه‌ری فه‌ره‌نسی

میدیاکانی ئەوروپا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ئه‌مڕۆ زیدان دەچێتە دەوحە بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان بکات و راوێژکاری زیدانیش ئەم دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت کەس پەیوەندی پێمانەوە نەکردووە و هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان بەرپرسانی پاریس سانجێرمان و زیدان نەکراوە.

لە هەموو کاتێک زیاتر زیدان لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان نزیکترە، چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەفەرمی زینەدین زیدان شوێنی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ بگرێتەوە.

کەناڵی ئاڕ ئێم سی فەرەنسی و ماڵپەڕی گۆڵی جیهانی و رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویانکردووەتەوە، زیدان لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی پاریس سانجێرمان نزیکبووەتەوە، ئەم راهێنەرە فەرەنسییە تەنیا هەنگاوێک لە شازادەکانی پاریسەوە دوورە.

میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردووەتەوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا زیدان گەشتی دەوحە دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی یانە فەرەنسییەکە بگاتە رێککەوتنی کۆتایی و لەگەڵ ناسر خلێفی کۆبێتەوە.

ناسر خلێفی بڕیاری لەسەر دوورخستنەوەی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ داوە، بەڵام تاکو گرێبەستی زیدان یەکلا نەکاتەوە نایەوێت بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرە ئارجێنتینییەکە بڵاو بکاتەوە.

پۆچێتینۆش وەکو ئامادەکارییەک بۆ ماڵئاوایی کردنی لە هاندەرانی پاریس، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نازناوەکانی یانەکەی بڵاوکردووەتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لەوەتەی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردووەوە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان لەگەڵ زیدان لەگفتوگۆدان و چاوەڕێن دوای حەوت مانگ چاوەڕوانی زیزۆ رازی بێت ئەرکی راهێنەرایەتیکردنی مێسی و مباپێ و نێیمار و هاوڕێیەکانی بگرێتە ئەستۆ.

میلیاچیۆ راوێژکاری زینەدین زیدان پێچەوانەی دەنگۆ و سەرچاوەی میدیاکان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی رایگەیاندووە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە چوونی زیدان بۆ پاریس سانجێرمان دەکەن دوورن لە راستییەوە و بەهیچ شێوەیەک بەرپرسانی پاریس سانجێرمان پەیوەندییان بە زیدان نەکردووە و من تاکە کەسم رێگام پێدراوە لەبارەی داهاتووی زیدانەوە قسە بکەم.

میدیاکانی ئەوروپا رایانگەیاندووە، زیدان بە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی پاریس دەبێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لەسەر ئاستی راهێنەران و دوای مانەوەی کیلیان مباپێ و دوورخستنەوەی لیۆناردۆ، زیزۆ رازی بووە ئەرکی راهێنەرایەتی شازادەکانی پاریس وەربگرێت کە لەوانەیە گواستنەوەی پۆل پۆگبا ببێتە یەکەم گرێبەستی راهێنەرە فەرەنسییەکە.