پیاوێك بە دەمانچە ژنەکەی و سێ کەسی دیکە بریندار دەکات
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ شەممە 11ـی حوزیرانی 2022، پیاوێكی بە رەگەز عەرەب لە سنووری ناحیەی شەمامک هاوسەرەکەی و سێ کەسی دیکە بریندار دەکات
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، پیاوەکە لە کارگەیەکی سەهۆڵ کار دەکات و دانیشتووی گەڕەکی تەعجیلی نوێی ناحیەی شەمامکە، بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی ماڵەوەی بەجێهێشتووە و چووەتە ماڵێکی دیکە کە ئەوانیش بەهەمانشێوە بە رەگەز عەرەب بوونە.
هۆگر عەزیز گوتیشی: "پیاوەکە لەگەڵ ئەو ماڵە بەشەڕ هاتووە و بە چەکی جۆری دەمانچە کە هی خۆی نەبووە و لەو ئۆتۆمبێلەدا بووە کە لە کارگەکە کاری پێکردووە، هێرشی کردووەتە سەر خاوەن ماڵەکە و کچێك و کوڕێکی بریندار کردوون، هەروەها گولـلەیەکی بە هاوسەرەکەیەوە ناوە و ئەویشی بریندار کردووە، دواتر لە شوێنەکە هەڵاتووە".
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، تۆمەتبارەکە تا ئێستا دەستگیر نەکراوە، بەڵام دەستبەسەر ئۆتۆمبێل و ئەو چەکەدا گیراوە کە بە تۆمەتبار بووە.