ئاماره‌كانی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ له‌ عێراق مه‌ترسیدارن

"خه‌ریكه‌ دیادەری بەشوودانی پێشوەخت لە گوندەکانەوە دەگاتە ناو شار و چینی رۆشنبیرانیش ده‌گرێته‌وه‌"

K24- به‌غدا:

پڕۆسەی هاوسەرگیری پێشوەخت لە نیو کۆمەڵگای عێراقی دیاردەیەکی نوێ نیە، بەڵام ئامارەکانی رێژەی بە شوودانی کچی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ تا دێت لە بەرزبوونەوەدایە، لە سەر ئاستی جیهانیش هاوسەرگیری پێشوەخت گەشتوەتە 20%، لە عێراق رێژەکە بەرزترە و گه‌یشتووه‌ته‌ 25.5%.

له‌وباره‌شه‌وه‌ ریتا کۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نشتەجێبوون لە عێراق، رێژەی ئەو ئامارە بە مەترسیدار ناودەبات و هۆشداری دەدات، لەوەی دیادەری بەشوودانی پێشوەخت خەریکە لە گوندەکانەوە دەگاتە ناو شار و چینی رۆشنبیران.

کۆڵۆمبیا گوتی: "لێکۆڵینەوەیەك لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ژنان لە عێراق کراوە، کوردستانیش تێیدا بەشداربووە، داتاکانمان فەرمین، ئەوەی بینیمان دەبێ رامانچڵەکێنێت، ئەو دۆخەش جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە له‌باره‌ی بەشوودانی پێشوەختە. هۆکاری زیادبوونی ژمارەی هاوسەرگیری پێشوەختەش فرە رەهەندن، واتە تەنیا یەك هۆکاری نیە، دۆخی ئابووری و مرۆیی و شەڕ و زۆر هۆكاری دیکەش هه‌ن".

لە سەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆنفراسی نشتیمانی بۆ چارەسەری هاوسەرگیری پێشوەخت لە بەغدا بەڕێوەچوو، چەند توێژینەوەیەك خرانەڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەی کردەیی لە نێو کۆمەڵگه‌ پراکتیزەی بکەن، لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەك ساڵدا 669 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ بە هۆی بەشوودانەوە لە خوێندن دابڕاون، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کار بۆ ئەوە دەکات، جارێکی دیكه‌ ئەو کچانە بخرێنەوە بەر خوێندن.

رێکخراوەکانی بواری خێزانی زۆر جار داوای هەموارکردنەوەی یاسای خێزانی دەکەن، چونکە پێیان وایە ماددەکانی ئەو یاسایە رێگه‌خۆشکەرن بۆ توندوتیژی خێزانی و بەشوودانی کچ لەتەمەنی 15 ساڵیەوە، کە زۆر جار بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە.

H.B