عێراق پاساوەکانی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر دەخاتە ژێر پرسیارەوە

"پێمان سەیرە ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل هەرێمی کوردستانی هەڵبژاردوە"
پاشماوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
پاشماوەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر

K24 - هەولێر:

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە لەوەی، ئێران هیچ بەڵگەیەکی لەسەر بوونی مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر پێنەداون.

وەزیری دەرەوەی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلەی عێراقی رایگەیاند، بە سەرۆکایەتی شاندێک چووەتە ئێران بە یاوەری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی، دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر.

شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر - فۆتۆ: AFP
شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر - فۆتۆ: AFP

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە عێراقی راگەیاندووە مۆساد ئەو خانووەی بەکارهێناوە کە لەلایەن ئێران کراوەتە ئامانج بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، بەڵام عێراق ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە ئێران دەربارەی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە و گوتیشی: "ئەگەر ئێران دەیزانی مۆساد لە هەولێرە بۆچی پێشتر عێراقی ئاگادار نەدەکردەوە؟".

فواد حسێن تەواوی بانگەشەکانی ئێرانی بە درۆ خستەوە کە باس لەوە دەکەن پێش هێرشە مووشەکییەکە، راپۆرتێکیان لەسەر بوونی ئیسرائیل داوەتە هەواڵگری عێراق.

ناوبراو گوتیشی: "پێمان سەیرە ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل هەرێمی کوردستانی هەڵبژاردوە. ئەم رووداوە نابێت دووبارە ببێتەوە".

دامەزراوەی کوردستان24 دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەو
دامەزراوەی کوردستان24 دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەو

شەوی 13/12-3-2022. پاش کاتژمێر یەکی بەرەبەیانى، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عیراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی هەولێر کران و ناوچە سڤیل نشینەکانی نزیك بارەگای سەرەکی کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن، دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەك بە سووکی بریندار بوو.

ستۆدیۆی کوردستان24 دوای هێرشەکە
ستۆدیۆی کوردستان24 دوای هێرشەکە

چەند شەوێک لەمەوبەریش درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک رێگەی پیرمام تەقییەوە و زیان بە ئۆتۆمبێلیی هاووڵاتیان و سێ کەسیش بریندار بوون.

بریندارانی هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر - پیرمام
بریندارانی هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر رێگه‌ی هه‌ولێر - پیرمام