دی میستۆرا: ئاگربه‌ستی سوریا له مه‌ترسی دایه
K24 – هه‌ولێر
دي ميستۆرا به ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ی كه ئاگربه‌ستی سوریا له مه‌ترسی دایه، وتی خولی ئاینده‌ی دانوستانی ئاشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئه‌و وڵاته دوا كه‌وتووه و له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا وه‌ستاوه.
نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سوریا رایگه‌یاند تا ئه‌وكاته‌ی كه ئه‌مریكا و روسیا له‌سه‌ر قه‌یرانی سوریا رێك نه‌كه‌ون، هیچ دانوستان و رێككه‌وتنیك بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه ناكرێت.
ستیفان دی میستۆرا هه‌روه‌ها وتی پێویسته ئه‌مریكا و روسیا زه‌مینه خۆش بكه‌ن بۆ كۆتاییهێنان به شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كانی سوریا، بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانن هه‌موو لایه‌نێك رازی بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هۆشداریدا كه ئاگربه‌ست له مه‌ترسیدایه، به‌تایبه‌تی دۆخی حه‌له‌ب و دوروبه‌ری دیمه‌شقی پایته‌خت، كه به ره‌وشێكی ناگونجاو وه‌سفكرد.
له به‌شیكی تری له قسه‌كانیدا، له كۆنفڕانس ڤیدیۆیه‌كدا به كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك رایگه‌یاند هه‌وڵه‌كانیان بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تیی مڕۆیی بۆ هاوڵاتیانی سوری به‌رده‌وامه كه هه‌وڵه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی سوریا (حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن) بۆ سه‌ر میزی دانوستانی ئاشتی و به‌هێزكردنی ئاگربه‌ست هه‌ستیار و شكێنه‌ره.
وتییشی ده‌ستپێراگه‌یشتن به ناوچه‌كانی گه‌ماڕۆدراو و سه‌خت له سوریا باشتر بووه و له به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو، كه ده‌ستپێراگه‌یشتنیان به هیچ كه‌سێك له‌و ناوچانه نه‌بوو، ئێستا ده‌ستیان ده‌گاته 300 هه‌زار دانیشتوانانی ئه‌و ناوچانه.