"ئاماری هاوسەرگیری پێشوەخت لە عێراق مەترسیدارە"

رێژەی عێراق لە هەموو جیهان بەرزترە
هاوسەرگیری
هاوسەرگیری

K24 - بەغدا

عێراق ئامارێکی نوێی پێوانەی تۆمارکرد لە پرۆسەی هاوسەرگیری پێشوەخت، کە رێژەکەی 25.5%، لەسەر ئاستی جیهانیش ئەو رێژەیە 20%، نوێنەری سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نشتەجێبوون لە عێراق، ئەو ئامارە بە مەترسی ناو دەبات و هۆشداری دەدات، کە دیاردەی بە شوودانی کچی خوار تەمەن 18 ساڵ لە گوندەکانەوە دەگاتە ناو شارەکان و لە ناو چینی رۆشنبیرانیش زیاتر تەشەنە دەکات.

ریتا کۆڵۆمبیا، نوێنەری سندووقی نشەجێبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لێکۆڵینەوەیەک لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ژنان لە عێراق کراوە، کوردستانیش تێیدا بەشداربووە، داتاکانمان فەرمین، ئەوەی بینیمان دەبێ رامانچڵەکێنێت، هەربۆیە کۆنفرانسێک لە بەغدا رێکخرا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە. ئەو دۆخەش کە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە پەیوەست بە بەشوودانی پێشوەختە. هۆکاری زیادبوونی ژمارەی هاوسەرگیری پێشوەختە فرە رەهەندە، واتە تەنیا یەک هۆکاری نییە، دۆخی ئابووری و مرۆیی و شەڕ و زۆر هۆکاری دیکەش".

لە سەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی شەممە 11/6/2022، کۆنفراسی نشتیمانی بۆ چارەسەری هاوسەرگیری پێشوەخت لە بەغدا بەڕێوەچوو، چەند توێژینەوەیەک خرانەڕوو تاکو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەی کردەیی لەنێو کۆمەڵگەدا پراکتیزەی بکەن. بەگوێرەی دوایین ئامار، لە ماوەی یەک ساڵدا 669 کچی خوار تەمەن 18 ساڵ لە هەرێمی کوردستان، بە هۆی بە شوودانەوە لە خوێندن دوورخراونەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کار بۆ ئەوە دەکات جارێکی تر ئەو کچانە بخرێنەوە بەر خوێندن.

فێنک شەفیق، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەبێ ئەو ئامارەکان کەم بکرێنەوە، ئەو ئامارەی ئاماژەی بەوە دەکات لە ساڵێکدا 669 کچی تەمەن خوار 18 ساڵ بەهۆی شووکردن لە خوێندن دوورکەوتوونەتەوە، ئەو ژمارەیە گەلێک زۆرە، ئەگەر یەک کەسیش بێت دەبێ هۆکارەکە بخرێتەڕوو، ئێمە بەداخەوەین بۆ ئەو داتایانەی کە هەن".

رێکخراوەکانی بواری خێزانی زۆرجار داوای هەموارکردنەوەی یاسایی خێزانی دەکەن، چونکە پێیان وایە مادەکانی ئەو پڕۆژە یاسایە رێگا خۆشکەرە بۆ توندوتیژی خێزانی و بە شوودانی کچ لە تەمەنی 15 ساڵیەوە، کە زۆرجار بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە.