بەوێنە.. هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەستیپێکرد

K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ 12ـی حوزەیرانی 2022، هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دەستیپێکرد، ئەمەش دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا لە کاتژمێر هەشتی بەیانیەوە کراونەتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا دوا بەدوای گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا رۆژی 24ـی نیسانی 2022 لە نێوان ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لوپێن دەستیپێکرد، کە دواتر ماکرۆن (تەمەن 44 ساڵ) بە سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە و زۆر لە رێبەر و سەرانی جیهانی بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئیمانویڵ ماکرۆن کرد.

وێبسایتی فرانس24 لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکە سیاسەتی وڵات بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دیاری دەکات، بەڵام لەنێو لایەنە سیاسییەکاندا نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری بەشدارینەکردنی زۆری دەنگدەران هەیە.
