عێراق گەنم لە ئەمەریکا و ئوسترالیا دەکڕێت

بۆ کڕینی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم گرێبەست واژۆ دەکەن
گەنم
گەنم

K24 - هەولێر

عێراق بۆ کڕینی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم گرێبەست لەگەڵ ئەمەریکا و ئوسترالیا دەکات.

وەزاتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ کڕینی ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن گەنم، گرێبەستێک لەگەڵ ئوسترالیا و ئەمەریکا واژۆدەکەن.

وەزارەتی بازرگای عێراق لەراگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەگوێرەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی کەمی بەرهەمی گەنمی ناوخۆ، پلانی نوێیان هەیە و لە مانگی نیسان تاوەکو ئێستا بڕی ملیۆنێک و 700 هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتووە، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و کەرکووک و نەینەوا پرۆسەی رادەستکردنی گەنم بەردەوامە.

 پیشیبینی دەکرێت، کۆی بەرهەمهێنانی گەنم لە عێراق بگاتە 2 ملیۆن و 900 هەزار تۆن.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، لە وەرزی زستانەی 2021 نزیکەی 4 ملیۆن و 234 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتووە، لەکاتێکدا لە 2020 بڕەکە سەرووی 6 ملیۆن تۆن بووە، بەمەش بڕی بەرهەمهێنانی گەنم ساڵ لە دوای ساڵ بەهۆی وشکەساڵی کەمبووەتەوە.