له‌کیسدانی خود له سیستمدا
پۆڵا سه‌عید
سه‌رنجی مرۆڤ به گشتیی له جیهاندا له‌سه‌ر چلۆنیه‌تیی چۆنایه‌تیی سیستمی حکومڕانییه. به‌ڵام ده‌گمه‌نن ئه‌و مرۆڤانه‌ی سه‌رنج له هه‌موو شتێك له ژیاندا ده‌ده‌ن، که ده‌بنه به‌شێك له نابه‌خته‌وه‌ری و به‌خته‌وه‌رییان. له باشووری کوردستان خه‌تای هه‌موو شت ده‌خرێته ئه‌ستۆی حکومه‌ت. ئه‌گه‌ر باڵنده‌یه‌کمان مرداربێته‌وه، باڵنده‌یه‌کمان یان ئاژه‌ڵێکمان پشیله بیخوات، گورگ بیخوات، سه‌گێك گاز له منداڵێکمان بگرێت، خوشکێکمان، برایه‌کمان، کچێکمان یان کوڕێکمان له به‌له‌مێکدا له ده‌ریادا له‌سه‌ر ریگه‌ی گه‌یشتن به وڵاتێکی ئه‌وروپا نقووم ببێت و بخنکێت، ئه‌وا خه‌تاکه‌ی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی حکومه‌ت. ئه‌گه‌ر ته‌رمه‌که‌یمان بۆ نه‌هێندرێته‌وه، ئه‌وا خه‌تاکه‌ی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی حکومه‌ت. خوشکێك به ده‌ستی برایه‌ك ده‌کوژرێت، ژنێك به ده‌ستی مێرده‌که‌ی، کچێك به ده‌ستی باوکی ده‌کوژرێت و خه‌تاکه‌ی ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی حکومه‌ت.
سه‌ره‌تا با له‌وه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین و بپرسین، ئاخۆ کێ و چی له‌پێش کێ و له‌پێش چیتره؟ حکومه‌ت دواقۆناغی گه‌شه و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی هه‌ره‌وه‌زییه. چۆنیه‌تیی و چلۆنایه‌تیی ژیان له کۆمه‌ڵه‌یه‌کی هه‌ره‌وه‌زییه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ حکومه‌ت، بۆ پاراستنی و بۆ گه‌شه‌پێدانی. بیهێنه پێش چاوی خۆت، تۆ و ژنه‌که‌ت یه‌که‌مین دوو تاکی کورد بوون له ده‌ڤه‌رێکی کوردستاندا له مێژوودا. ئێوه وه‌ك دایك و باوك خێزانێکن. ساڵی منداڵێکتان ده‌بێت. له‌دوای پانزده ساڵی یه‌که‌م دووان له کچ و کوڕه‌کانتان ئه‌وانیش ده‌بنه دایك و باوك و ساڵانه منداڵێکیان ده‌بێت. هێنده نازانیت، منداڵه‌کانی تریش گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وه‌ی، که توانای منداڵ خستنه‌وه‌یان هه‌بێت، ئه‌وانیش هه‌ر خوشك و برایه و پێکه‌وه جووت ده‌بن و ده‌بنه خێزانێکی نوێ. له‌دوای نزیکه‌ی سی بۆ چل ساڵ، هه‌موو پێکه‌وه ده‌بنه هۆزێکی گه‌وره. لێ له‌دوای شه‌ست حه‌فتا ساڵێك هه‌موو پێکه‌وه ده‌بنه تیره‌یه‌ك. له ده‌ڤه‌رێکی تریشدا دوو تاکی تر، یه‌که‌مین دوو تاکی ده‌ڤه‌رێکن، که ئه‌وانیش له‌دوای هه‌مان ماوه تیره‌یه‌کی گه‌وره‌یان به‌رهه‌مهێناوه. له چه‌ند ده‌ڤه‌رێکی تریشدا، هه‌مان پرۆسه دووباره ده‌بنه‌وه. له‌دوای چه‌ند سه‌د ساڵێك له هه‌موو به‌ره‌کان چه‌ند ئێلێك به‌رهه‌مدێت. دواجار کۆی ئه‌م ئێلانه دوای ئه‌زموونی دوژمنایه‌تیی و شه‌ڕ و پێکدادان له‌یه‌کتریی نزیك ده‌بنه‌وه و رێکده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که پێکه‌وه بژیین و ببنه نه‌ته‌وه‌یه‌ك. هه‌موو کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که سیستمێکی ژیان بۆ هه‌موو پێکه‌وه به‌رهه‌مبهێنن. ئیدی لێره‌وه، خوشك و برا بۆیان نییه، له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا سێکسوال ئه‌کتیڤ بن، ئیدی لێره‌وه کۆمه‌ڵێك سیستم به‌رهه‌مدێت، که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌سه‌ری کۆك بن.
لێ رۆژێك دادێت، کۆیه‌کی تر، نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر، ده‌دات به‌سه‌ر ئه‌م خاکه‌دا و داگیری ده‌کات، بۆ نموونه هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان به گشتی. لێره‌وه سه‌رله‌به‌ری سیستمه کۆنه‌که هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و سیستمێکی نوێ داده‌ڕێژرێت، که سیستێمێکی نامۆیه به خاکه‌که. له رێگه‌ی توندوتیژییه‌وه، ئه‌م سیستمه ده‌سه‌پێنرێت. له‌دوای چه‌ند سه‌د ساڵێك، کاتێك هه‌موو پیره‌کان مردوون و ئه‌و نه‌وانه‌شی، که پیره‌کان په‌روه‌رده‌یان کردوون یان لاوازن یان ئه‌وانیش باوه‌ڕ به سیستمه کۆنه‌که له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت یان زمانی عه‌ره‌بییش به زمانی یه‌که‌می خۆیان ده‌زانن، یان هه‌ر فێری زمانی کوردییش نه‌بوون. به تێپه‌ڕبوونی کات، کێشه‌کان ته‌نها له سیستمێکی ئایینییدا نین، به‌ڵکوو ئه‌م خاکه تووشی گرفتی تریش ده‌بێت، که ئه‌مڕۆ به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنین، ئه‌ویش سه‌پاندنی سیستمێکی ژیانی تورکیی، عه‌ره‌بیی و فارسییه. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ین، که هه‌ین، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: هه‌تا چه‌ند و کوێ، ئێمه خۆمانین وه‌ك کورد؟
له‌لای من هه‌موو گرۆ و پارتێکی ئیسلامیی کوردیی، بوونه‌وه‌رێکی نامۆن به کورد. لێ به زمانی کوردی درێژه به داگیرکردنی کوردستان ده‌ده‌ن. کێشه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، له‌کیسدانی خودێتیی ئه‌مانه، ئه‌مانه‌ی کردووه به دوژمن. دو‌ژمنێك که هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تاکانی هاتنی ئیسلام، ده‌یه‌وێت خودێتیی له تاك و کۆی کورد زه‌وت بکات و بیکات به بوونێکی تر. بوونێك، که حه‌یا و حورمه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه و ده‌یکات به بیانگه‌یه‌ك بۆ ره‌واییپێدانی کوشتن. دواجار چه‌ند تێکۆشان دژ به داگیرکاریی تورکیی، فارسیی و عه‌ره‌بیی پێویسته، هێنده‌ش تێکۆشان دژ به پارته ئیسلامییه‌کانی کوردستان پێویسته.