هه‌ولێر.. وەزارەتی شارەوانی زیاتر له‌ 5 ملیار دینار بۆ 34 پڕۆژه‌ ته‌رخان ده‌كات

پرۆژەكان دروستكردنی شەقام، قیڕتاوكردن، كڕینی پێداویستی بۆ پارك و باخچەكانی شاری هەولێر و چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی دیكه‌ ده‌گرێته‌وه‌
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌ك.. ئه‌رشیڤ
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌ك.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، بۆ جێبه‌جێكردنی 34 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر، گوژمەی زیاتر لە 5 ملیار و 459 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی لەسەر تەرخانكردنی گوژمەكه‌ داوه‌، كه‌ گوژمەكە لەسەر رێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە و بە گوێرەی پلانی ساڵی 2022 بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئه‌و  34 پرۆژەی خزمەتگوزارییه‌ی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێره‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پرۆژەكان پێكهاتوون لە دروستكردنی شەقام، قیڕتاوكردن، كاشیكردنی كۆڵان، نۆژەنكردنەوەی شۆستە، قەشتەكردن و قیڕتاوكردنی شەقامی جووتساید، داڕشتنی كۆنكرێت بۆ شەقامەكان و راخستنی چینی ستابلایزەر، كڕینی پێداویستی بۆ پارك و باخچەكانی شاری هەولێر، نۆژەنكردنەوەی یاریی منداڵان، كڕینی كورسی و سەللەی زبڵ، لەگەڵ چەند بوارێكی دیكەی خزمەتگوزارییه‌.