"لە 5 مانگدا 78 چەکدار و سەربازی تورکی لە سووریا کوژراون"

روانگەی سوری: گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەردەوامە

K24 - سلێمانی:

روانگەی سووری ئاشکرایکرد، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 146 کەس لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە سوریا کوژراون کە 78ـیان چەکداری سوری و سەربازی تورکی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجامی کردەوە توندوتیژییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گرووپەکانی نزیک لێی، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە گوند و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی حەلەب و حەسەکە و رەقە 146 کەس کوژراون.

ژمارەیەك چەکدارانی سەربە تورکیا لە عفرین
ژمارەیەك چەکدارانی سەربە تورکیا لە عەفرین

روانگەی سووری دەڵێت، لەو ژمارەیە 57 یان مەدەنی بوون کە 12 منداڵ و 4 ژنیان تێدایە، هەروەها 78ـیان سەربە گرووپە چەکدارەکان بوون و 9ـشیان سەربازی تورکی بوون لەگەڵ خۆکوژێک و کەسێکی نەناسراو.

کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئەو عەرەبانەی لە عەفرین نیشتەجێکراون
کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی ئەو عەرەبانەی لە عەفرین نیشتەجێکراون

هەروەها دەشڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 272 کەسی برینداربوون کە لە نێوانیاندا کەسانی مەدەنی و سەربازی هەن.

راپۆرتی روانگەی سووری:

-       لە ناوچەی" قەڵغانی فوڕات" کە شارۆچکەکانی باب و ئەعزار و جەڕابلوس دەگرێتەوە، 74 کەس کوژراون لەگەڵ برینداربوونی 154 کەسی دیکە.

-       لە ناوچەی" چڵی زەیتون" کە شاری عەفرین و دەوروبەری دەکات لەسەرەتای ئەمساڵەوە 38 کەس کوژراون، لەگەڵ برینداربوونی 89 کەسی دیکە لە کەسانی سەربازی و مەدەنی.

-       لە ناوچەکانی" کانی ئاشتی" کە سەرێ کانی و گرێ سپی دەگرێتەوە، لە پێنج مانگدا 34 کەس کوژراون لەگەڵ برینداربوونی 29 کەسی دیکە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا 60 حاڵەتی شەڕی چەکداری عەشایەری و خێزانی لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی لە نێوان گرووپە چەکدارەکان روویانداوە کە بەهۆیانەوە 54 کەس کوژراون.

هەروەها لەوماوەیەدا 37 تەقینەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گرووپەچەکدارەکان روویانداوە و بەهۆیانەوە 26 کەس کوژراون، پێنج لە کوژراوەکان فەرماندەی سەربازی بوون.

روانگەی سووری روونیشکردووەتەوە، چالاکانیان لەو پێنج مانگەدا 341 حاڵەتی دەستگیرکردنیان تۆمارکردووە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئەنقەرە و هەواڵگری تورکیاوە کە دوانیان منداڵ بوون، هەروەها لەو ژمارەیە 120 یان بە کەفەلەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازادکراون بەڵام 221 یان هێشتا لە زینداندان.

بەپێی ڕاپۆرتی رێکخراوەکە لەو ماوەیەدا 64 حاڵەتی فڕاندن هەبووە لە لایەن کەسانی نەناسراو و سەربازییەوە کە لەنێویاندا منداڵێک و 5 ژن هەیە.

هەروەها رێکخراوەکە لەماوەی ئەو پێنج مانگەدا 531 حاڵەتی پێشلکاری جۆراوجۆری بەرامبەر هاوڵاتیان تۆمارکردووە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گرووپەچەکدارەکانی نزیک لێی.

روانگەی سوری دەڵێت، لەو ناوچەیەی کە ئەردۆغان بە " ناوچەی سەلامەت" ناوی دەبات، دۆخی ژیان و مرۆیی خراپتر بووە ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی و بێزاری خەڵک کە بەهۆیەوە دەیانجار خۆپیشاندان ئەنجامدراوە.

سەبارەت بە گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری عەفرین ڕوانگەی سوری دەڵێت، رێکخراوی بەیزای کوێتی ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی قۆناغی دووەمی ئۆردوگای" گوندی بەسمە" کە لە 8 یەکەی نیشتەجێبوونی پێکدێت کە 125 شوقەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت. لەگەڵ بەردەوام بوون لە دروستکردنی 6 یەکەی نیشتەجێ بوونی دیکە، هەمووشیان لەسەر زەوی کشتوکاڵی دروستدەکرێن.

لە مانگی نیسان گرووپی سوڵتان موراد دەستیکردووە بە دروستکردنی ئۆردوگای بۆ دانیشتووانی شاری حمس لە ناحیەی شران لە عەفرین کە پێکدێت لە 360 خانوو، هەروەها گرووپەچەکدارەکانی دیکەش بەردەوامن لە درستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارە عەرەبەکان لە دەرووبەری ناحییەکە.

لە مانگی ئایاریس کۆمەڵەی دەستی سپی کوێتی ئۆردوگایەکی لە ناحییە جەندەریس لە عەفرین تەواو کرد کە لە 250 خانوو پێکدێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ڕوانگەی سوری، یەکەکانی نیشتەجێوون لەسەر زەوی کشتوکاڵی یان لەدامێنی گردەکان دروستدەکرێن دوای ئەوەی درەختەکان دەبڕدرێنەوە و پاشان لە بازاڕدا دەفرۆشرێنەوە.