ئیسرائیل داوا له هاووڵاتییانی ده‌كات به‌زووترین كات توركیا جێبهێڵن
K24- هه‌ولێر:
یائیر له‌بید، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل داوای له هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی له توركیا كرد، هه‌رچی زووه ئه‌و وڵاته جێبهێڵن، ئه‌مه‌ش وه‌ك رایگه‌یاند، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران بۆ به‌ئامانجگرتنی ئیسرائیلییه‌كان له ده‌ره‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌و وه‌زیری ئیسرائیلییه دووپاتیكرده‌وه، "دوای چه‌ندین هه‌وڵی ئێران بۆ ئه‌نجامدانی "هێرشی تیرۆرستی" له دژی ئه‌و ئیسرائیلیانه‌ی پشووه‌كانیان له توركیا به‌سه‌رده‌به‌ن، داوا له ئیسرائیلییه‌كان ده‌كه‌ین، گه‌شتی ئیستانبوڵ یانیش توركیا نه‌كه‌ن، ته‌نها له حاڵه‌تی زۆر پێویستدا نه‌بێت".
هه‌روه‌ك له‌بید داواشی له‌و ئیسرائیلیانه كرد، كه له توركیان، "هه‌رچی زووه ئه‌و وڵاته جێبهێڵن و بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوێنێ ئیسرائیل پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هێرشێكی ئیرانیی له توركیا راگه‌یاند و میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلیش جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ئێران هەوڵدەدات ئیسرائیلییەكان لە توركیا ئازاربدات و پەلاماریان بدات.
H.B