وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان: هیچ دادگایەکی عێراقی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وتی كوردستانی نییه‌

"پێویستە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌ربكات"
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ ژماره‌ وه‌ڵامی په‌رله‌متارێك ده‌داته‌وه‌
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان به‌ ژماره‌ وه‌ڵامی په‌رله‌متارێك ده‌داته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاشكرای ده‌كات، یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2007ـی نەوت و گازی کوردستان بە پێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 13ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ڕۆژی 19ی ئایاری 2022 و لە سەر داوای وەزیری نەوتی عێراق، دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا، ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن بانگ کرد (استدعاء)، لەوانە کۆمپانیای DNO، وێسترن زاگروس، HKN، شاماران، گەنەڵ ئێنێرجی، ئاداکس و گۆلف کیستۆن، کە  گرێبەستەکانیان بە پێی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و گازی کوردستان واژوو کراوە و ئەو یاسایەش بە پێی ماددەکانی دەستووری عێراقی لە لایەن پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.  

هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بانگ کردنی دادگای (الکرخ)، دوایین زنجیرە رێوشوێنی نایاساییە، کە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە لە بەغدا گیراوەتەبەر و وادیارە ئەو کارە نایاساییانەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی دادگایەکی بەغدایە کە خۆی بە "دادگای باڵای فیدراڵی" ناودەبات، ئەو بەناو "دادگای باڵای فیدراڵی"یە، لە 15ی شوباتی 2022  و بە پاڵنەرێکی سیاسی بۆچوونێکی دەرکرد کە مەبەست لێی پووچەڵکردنەوەی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ی کوردستان بووە، هیچ دادگایەک لە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی نییە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، رۆژی 28ی شوباتی 2022، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و بڕیاری 15ی شوباتیان رەتكردەوە، ڕۆژی 4ی حوزەیرانی 2022، ئەنجومەنی دادوەری کە باڵاترین دامەزراوەی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا پشتگیری لە رەوایەتی یاسای نەوت و غازی ساڵی 2007 كرد و رایگه‌یاند، بە پێی مادده‌ی 92 / بڕگەی دووەم لە ده‌ستووری عێراقی فیدراڵ، پێویستە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسایه‌ك بۆ دامه‌زراندنی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌ربكات، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەکی لەو جۆرە دەرنەچووە، بۆیە "دادگای باڵای فیدراڵی" بە پێی دەستوور دانەمەزراوە، کەواتە هیچ دەسەڵاتێکی دەستوری نییە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، و یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیش بە تەواوی بە بەرکاری دەمێنێتەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هێما بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، لە 2ی حوزەیرانی 2022، حكومەتی هەرێمی كوردستان سكاڵایەکی یاسایى لە دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر لە دژی بەڕێوەبەرێكی گشتی لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی تۆمار كرد، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەی خۆی ئەویش لە ڕێگەی ترساندن و هەراسانكردنی ئەو کۆمپانیانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن. بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە بە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە، مەبەستی ترساندنی و دەستوەردان لە مافی ئەو کۆمپانیایانە بووە لە گرێبەستەکانیان لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان روونیكرده‌وه‌، لە 5ی حوزەیرانی 2022، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا كە ئەو داوایانەى لە دادگای بازرگانی (الکرخ) لەدژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تۆمار كراون، دەبێت بهێنرێنە دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر، بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بۆ ئەو سكاڵا تاوانكارییە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. هەروەها دادگای لێکۆڵینەوەى هەولێر بڕیاریدا هەر داوایەكی یاسایی لە دادگای (الکرخ)  کە بۆ ئەو مەبەستە تۆمارکراوە دوابخرێت، ئەوەش بە پێى یاسای بنەماکانى دادگایى کردنى سزایى  ژمارە (23 ی سالی 1979) عێراقی، بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق کارەکانی دادگای مەدەنی ڕابگرێت تاوەکو ڕێکارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و بڕیاری لە سەر دەدرێت. تەنانەت لە دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە بە پشت بەستن بە ماددەی (38) لە یاسای دادبینى شارستانى عێراقى ژمارە(83 ی ساڵی 1969) و بە پێی تایبەتمەدێتى شوێن (اختصاص مکانی)، دەبێت ئەم داوایانە لە دادگا شارستانییەکانى هەرێمى کوردستان دادبینى بۆ بکرێت و بڕیاری لە سەر بدرێت، چونکە کۆمپانیا داوا لێکراوەکان هەر هەموویان لە کوردستان تومار کراون و لە کوردستان کار دەکەن.

دواجار جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، 5ی حوزەیرانی 2022، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوایەکی مەدەنی لەسەر وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ تۆمار كرد. بە بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی بڕگەکانی یاسای مەدەنی عێراقی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارە لە ناردنی نامەی ئەلیکترۆنی و نامە بۆ کۆمپانیاکان کە مەبەست لێی ترساندن و دەستوەردان بووە لە مافی کۆمپانیاکان لەو گرێبەستانەی کە لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیانە.