مه‌سرور بارزانی: ده‌بێت خه‌ڵك هانبدرێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ گوند

K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ له‌كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ وه‌زیر و به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی كه‌رتی كشتوكاڵ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی هه‌ر وڵاتێك كردووه.
ده‌قی گوتاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو:
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕوایه‌كی ته‌واوم هه‌بوو كه كه‌رتی كشتوكاڵ كه‌رتێكی سه‌ره‌كییه بۆ په‌ره‌پێدانی هه‌موو وڵاتێك.
چه‌ندین جار ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه‌م كردووه، پێشخستن و په‌ره‌پێدانی ئابووری هه‌ر وڵاتێك ده‌به‌سترێته‌وه به پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ، كه خودا سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆری پێبه‌خشیوین، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا وه‌ك پێویست سوودی لێ وه‌رنه‌گیراوه.
ئێمه له‌م كابینه‌یه‌دا ده‌بێت شانازی به‌وه بكه‌ین، بووینه‌ته كابینه‌ی په‌ره‌پێدانی ئه‌م كه‌رته و هیوادارم ئه‌م سه‌روه‌ته له‌بن نه‌هاتووه ببێته خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌روه‌ها له داهاتووشدا ببێت به داهاتێكی له‌بن نه‌هاتوو و یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری له وڵاته‌كه‌مان.
خاڵی زۆرمان هه‌یه بۆ باسكردن، بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئه‌م حكومه‌ته له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستماندا بێت بۆ پشتیوانیكردن و یارمه‌تیدان له‌وباره‌یه‌وه به‌بێ دوودڵی ئه‌نجامی ده‌ده‌ین و هه‌ندێك رێنماییمان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه بۆ ئه‌وه بكرێت كه تا ئێستا چی كراوه، پێموایه داتای زۆرتان له‌به‌رده‌سته و گوێتان لێ ده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم داتاكانتان چۆنن، چیمان كردووه تا ئێستا، به‌رنامه‌ی داهاتوومان چۆنه و پێویسته چی بكرێت و پێویستیتان به چ جۆره یارمه‌تییه‌كه و چ له رووی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بێت یاخوود پاڵپشتی، له هه‌مان كاتدا دیسانه‌وه ده‌مه‌وێت دووپاتی بكه‌مه‌وه، له زۆر وه‌زاره‌تی دیكه‌ش كه سه‌ردانمان كردوون، گوتوومانه: ئێمه حكومه‌تێكی ئیئتیلافیمان هه‌یه كه له چه‌ند لایه‌نێكی سه‌ره‌كی پێكهاتوون.
ده‌توانم ئه‌وه‌ش به شانازییه‌وه بڵێم:
حكومه‌ته‌كه‌ی ئێمه وێڕای بوونی بۆچوونی سیاسی جیاواز له هه‌ندێك بابه‌ت، به‌ڵام له‌ناو حكومه‌ت وه‌ك حكومه‌تێكی یه‌كگرتوو و خزمه‌تگوزاره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانمان تێپه‌ڕێنین، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه كارمان كردووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت و داواتان لێ ده‌كه‌م به‌و گیانه‌وه كاره‌كانتان بكه‌ن و خۆتان ماندوو بكه‌ن و خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆتانی پێ بكه‌ن.
هه‌ندێك شت هه‌یه له سه‌ره‌تای كابینه‌كه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ماندا، بۆ دروستكردن یان به‌رنامه‌ی ریفۆرم، كه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستمان پێكرد بۆ چاكسازی، جا چاكسازی دارایی و ئیداری و به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، ئه‌م چاكسازییه كه ده‌ستیپێكردووه، هه‌ندێك له به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتووه و هه‌ندێكیش چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له ماوه‌كانی داهاتوودا ده‌ركه‌وێت، چونكه دروستكردنی ژێرخانێكی حوكمڕانی ته‌ندروست پێویستی به كاته.
ئێمه سوپاسی كابینه‌كانی پێشووتر و وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانی ده‌كه‌ین، بێگومان هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه تووشی چه‌ندین قه‌یران و كێشه و به‌ڵای دیكه بووه‌ته‌وه، له‌وانه شه‌ڕی داعش و بڕینی بودجه هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه و چه‌ندین قه‌یرانی دیكه‌ش، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئێمه توانیومانه له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین و ده‌بێت زیاتر پشت به خۆمان ببه‌ستین، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر پشت به خۆمان ببه‌ستین، یه‌كێك له رێكاره هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان ئه‌وه‌یه گرنگی به كه‌رتی كشتوكاڵ بده‌ین.
وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ پشتبه‌ستن به‌خۆمان، چ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه یان سه‌قامگیری سیاسی، چ له‌ڕووی په‌ره‌پێدانی بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌وه، كه ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌شمان ده‌بێت، جارێكی دیكه ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌و به‌رنامه چاكسازییه‌ی هه‌یه وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، رووتین و بیرۆكراسیه‌ت له كاره‌كانماندا نه‌هێڵین، ورده ورده كه‌می بكه‌ینه‌وه تا به‌ره‌و نه‌مان ده‌یبه‌ین و به‌یه‌كه‌وه ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستمان ماوه، كارێكی تۆكمه و به‌یه‌كه‌وه بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بتوانین سوود به خه‌ڵكی خۆمان بگه‌یه‌نین.
ئه‌م وه‌زاره‌ته رۆحی ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌مانه، ده‌بێت شتێكی وا بكه‌ین، كه ئێوه ته‌نها بۆ خۆتان نه‌یكه‌ن، له یه‌كێك له پڕۆژه‌كانیش باسی نموونه‌یه‌كم كرد، كه "جووتیارێك بێت شتێك دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جووتیاره به‌رهه‌مه‌كه‌ی بفرۆشێت، پێویستی به چه‌ند شته، ده‌بێت له كۆگایه‌ك هه‌ڵبگیرێت، ده‌بێت له شوێنێك بكرێت به خواردن، ده‌بێت له شوێنێك بگوازرێته‌وه، ده‌بێت له شوێنێك بفرۆشرێت"، واتا بۆ به‌رهه‌می هه‌ر جووتیارێك چوار تا پێنج هه‌لی كاری دیكه ده‌ڕه‌خسێنرێت، ئینجا ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی گه‌وره دروست بكه‌ین، له‌وانه‌یه له ئاینده‌دا به‌رهه‌می ناوخۆیی زۆر بێت، ده‌بێت ئامێره كشتوكاڵییه‌كانیش دروست بكرێن، له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامێرانه له ده‌ره‌وه هاورده‌یان ده‌كه‌ین، ده‌توانین لێره كارگه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی ئه‌و جۆره ئامێرانه دروست بكه‌ین، ئه‌مه‌ش دواجار ده‌بێته هۆی پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازیش.
بۆیه من ده‌زانم گرنگی ئه‌م وه‌زاره‌ته چه‌نده، شتی باشیشتان كردووه، به‌ڵام دڵنیام ده‌توانن زۆر له‌وه باشتریش بكه‌ن، له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه، ئه‌م وه‌زاره‌ته به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆ دێته به‌رده‌ست و پێویست به چاوه‌ڕێكردن بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ناكات، به‌ڵكو دوای هه‌ر وه‌رزێك داهاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌رده‌ست، ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه چۆن بتوانین به باشترین شێوه سوودی لێ وه‌رگرین.
پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی:
بۆ پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی و باشتر سوودوه‌رگرتن له زه‌وی، مانای وا نییه كه ده‌بێت رووبه‌رێكی زیاتری زه‌وی به‌كاربهێنیت، باسی "تاقیگه‌ی زانستی، بنه‌تۆی باشتر و به‌رهه‌می زیاتر" كرا، ده‌كرێت ئه‌مانه له‌سه‌ر هه‌مان رووبه‌ر چه‌ندین ئه‌وه‌نده به‌رهه‌مت هه‌بێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و كوالیتییه‌كی باشتر و شێوازێكی زانستیانه و ئاوێكی كه‌متر ده‌توانن ئه‌مه بكه‌ن، ده‌بێت ئه‌مه سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێوه بێت، ئه‌مه‌ش به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری و رێنمایی له‌گه‌ڵ جووتیاران و چۆن بتوانن ئه‌مه بكه‌ن.
دڵنیایی بۆ جووتیاران:
خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت دڵنیایی بۆ جووتیاران هه‌بێت. من هه‌میشه ئه‌م قسه‌یه‌م كردووه، ده‌بێت تۆ له‌وه دڵنیا بیت به‌رهه‌مه‌كه‌ی تۆ به‌فیرۆ ناچێت. تا ئێستا ئه‌گه‌ر جووتیار هانبدرێت و مه‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێت كه ره‌نجی ساڵێكی خۆی و ماڵ و منداڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر پارچه زه‌وییه‌ك به‌فیرۆ ده‌چێت، چونكه ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت جارێكی دیكه نایكاته‌وه و به‌دوای شتێكی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڵنیایی به جووتیار بدرێت كه حكومه‌ت خۆی له به‌رهه‌مه‌كانی به‌خاوه‌ن ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رده‌گرێته‌وه، ئه‌مه پێویستی به دروستكردنی كۆگا و ساردخانه هه‌یه، ئه‌گه‌ر وا بكرێت و جووتیار له‌وه دڵنیا بكرێته‌وه كه هه‌رچی به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ده‌توانێت بیفرۆشێت و حكومه‌ت لێی وه‌ربگرێت، دواتر حكومه‌ت ده‌توانێت بازرگانی به به‌رهه‌می جووتیاره‌كه‌ی خۆشییه‌وه بكات.
ئه‌و كاره‌ی كه‌رتی تایبه‌ت دروستی ده‌كات و كرێش ده‌دات، به‌ڵام هێشتاش قازانج ده‌كات، دواتر كه دێیت پهكجینگ و ئه‌و شتانه دروست ده‌كه‌یت، كۆمپانیایه‌كی دیكه ده‌بێت به‌م كاره هه‌ڵسێت، پاشان كۆمپانیای گواستنه‌وه ده‌هێنێت. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه ده‌بێت براندینگی كوردستانی دروست بكه‌ین، واتا با شتێك بێت هی خۆمان بێت، وه‌ك چۆن ده‌ڵێین: "ئه‌مه خاڤیاری ئێرانه، ئه‌مه زه‌عفه‌رانی ئێرانه، ئه‌مه خورمای سعوودییه‌یه"، ئه‌ی ئێمه چیمان هه‌یه! ئێمه‌ش هه‌مانه، هه‌نار و هه‌نجیری كوردستان‌مان هه‌یه، هه‌نگوینی كوردستان‌مان هه‌یه، مازوو و قه‌زوانی كوردستان‌مان هه‌یه، كه‌واته بۆچی ئه‌م شتانه نه‌كه‌ینه براند!. من ئاماده‌م شار به‌شار، وڵات به وڵات بگه‌ڕێم، بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕی وڵاتانی ده‌ره‌وه به‌ڕووی به‌رهه‌مه‌كانی كوردستاندا بكه‌مه‌وه، رێگه‌شمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دۆزیوه‌ته‌وه.
گرنگی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ گوند و دروستكردنی پڕۆژه‌ی بچووك:
ده‌بێت خه‌ڵك هانبدرێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ گوند، به‌چی ده‌چێته‌وه؟! به دروستكردنی خانوو ناچێته‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت پڕۆژه بۆ خه‌ڵك دروستبكرێت، پڕۆژه‌ی بچووك له دێهاته‌كان دروستبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك سوودمه‌ند بێت، واتا هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه بكات و بزانێت له‌شار داهاته‌كه‌ی چه‌نده و به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ گوند داهاته‌كه‌ی چه‌ند ئه‌وه‌نده ده‌بێت، ئه‌وكات ئاماده ده‌بێت بگه‌رێته‌وه بۆ گوند، ده‌بێت خه‌ڵك بۆ ئه‌مه هان بدرێت، ئه‌ویش چۆن ده‌كرێت، بۆ نموونه دروستكردنی كارگه‌ی شیره‌مه‌نی، كه ناتوانرێت له هه‌موو شوێنێك دروست بكرێت، به‌ڵام ده‌توانرێت له شوێنێك دروست بكرێت، كه شوێنه‌كانی ده‌وروبه‌ریشی پێوه ببه‌سترێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له هه‌ر گوندێك شوێنی دیاریكراو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شیر هه‌بێت، به‌مشێوه‌یه‌ش به شێوه‌یه‌كی پاك و خاوێن و به ستانداردی جیهانی شیره‌كه كۆده‌كرێته‌وه و ده‌گوازرێته‌وه كارگه‌یه‌ك، كه له ناوه‌ڕاستی ئه‌و ناوچه‌یه دروستكراوه، واتا ئه‌وه‌ی به‌لای ئاژهڵدارهكانهوه گرنگه ئه‌وه‌یه شیره‌كه‌ی بفرۆشێت، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی ئه‌و كاره بكات، له بری ئه‌وه ده‌بێت خۆتان له هه‌ر گوندێك شوێنێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شیر دیاری بكه‌ن و دوای گواستنه‌وه بۆ كارگه‌كه، بۆ دروستكردنی به‌رهه‌مه شیرییه‌كان سوودی لێوه‌ربگریت و پێویسته حكومه‌ت ئه‌م جۆره پڕۆژانه دروست بكات.
ستراتیژیه‌تی دابینكردنی خۆراك:
هیچ نه‌بێت، ده‌بێت ستراتیژیه‌تێكمان هه‌بێت، بتوانین بۆ ماوه‌ی ساڵێك خۆراك بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان دابین بكه‌ین، به‌تایبه‌ت مادده سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك ئارد و ئاو مادده سه‌ره‌كییه‌كانی پێویست بۆ به‌رده‌وامیدان به ژیان و ده‌بێت ئێمه ستراتیژیه‌تمان بۆ ئه‌وه بێت، كه بۆ ماوه‌ی ساڵێك خواردنی پێویست بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی كوردستان دابین بكه‌ین.
كه‌متركردنه‌وه‌ی فشاره‌كانی سه‌ر هاووڵاتییان:
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بێت فشاره‌كانی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا هه‌یه، له‌سه‌ر هاووڵاتیان كه‌مبكرێته‌وه، ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌كه حكومه‌ت به هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه بوه‌ستێت كه فشار له‌سه‌ر هاووڵاتیان كه‌مبكرێته‌وه.
من ناتوانم بڵێم هه‌تا هه‌تایه نرخی نان به‌وه‌نده ده‌بێت یان نرخی برنج به‌وه‌نده ده‌بێت، چونكه كه له هه‌موو جیهان زیادیكرد، ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێره‌ش ده‌بێت، به‌ڵام تا پێمان بكرێت، به به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه، نابێت نرخه‌كانمان له نرخی ده‌وروبه‌رمان زیاتر بێت. ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین نرخی خواردن له‌سه‌ر هاووڵاتی كه‌م بكه‌ینه‌وه، جا چ به داشكاندنی نرخی كاره‌با بێت، داشكاندنی وه‌رگرتنی باج بێت، به هی گومرگ بێت یان هه‌ر رێگه‌یه‌كی دیكه بێت، ده‌بێت نرخی خواردن له‌سه‌ر هاووڵاتی له سنوورێكی لۆژیكانه بهێڵینه‌وه و رێگه نه‌ده‌ین هه‌موو فشاره‌كه بكه‌وێته سه‌ر هاووڵاتی.
بابه‌تی ئاو:
ئاو له هه‌موو شتێك گرنگتره، له‌وانه‌یه مرۆڤ بتوانێت بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك به‌بێ خواردن بژیت، به‌ڵام ناتوانێت به‌بێ ئاو بژیت.
چۆن ئێمه سوود له ئاو وه‌ربگرین! راسته ئێمه 3 جۆره سه‌رچاوه‌ی ئاومان هه‌یه، ئاوی باران، ئاوی رووبار و ئاوی ژێرزه‌وی، به‌داخه‌وه ئاوی ژێرزه‌وی زۆر خراپ به‌كارهاتووه له‌كاتێكدا كه پێویستیش نه‌بووه، ئێستاش زۆربه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی له كوردستان به‌كارده‌بێت، به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، واتا زیاد له پێویست ئاو به فیڕۆ ده‌ده‌ین.
له زۆر وڵاتانی جیهان ئاوی پیس دووباره ده‌پاڵێورێته‌وه، لای ئێمه وا نییه، ئه‌وه‌ی رژا ته‌واو كۆتایی دێت، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین سوود له ئاو وه‌ربگرین، ئه‌و ئاوه‌ی هه‌یه ده‌بێت گلدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین، پاندی ئاو زۆر گرنگه، ئاوی باران هه‌مووی به‌فیڕۆ ده‌ڕوات، بۆیه ئه‌گه‌ر هیچیش نه‌بێت و به‌كاریشی نه‌هێنیت، به‌لایه‌نی كه‌م ئه‌گه‌ر گلبدرێته‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه ژێر زه‌وی و یارمه‌تی ئاوی ژێر زه‌وی ده‌دات و ئه‌گه‌ر هیچ سوودێكیشی لێ وه‌رنه‌گریت، هه‌ر سوودی بۆ ئاوی ژێرزه‌وی هه‌یه و زۆریش گرنگه و تا پێمان بكرێت، هه‌رچییه‌كی ئه‌نجام بده‌ین، ده‌بێت بودجه بۆ ئه‌و جۆره پڕۆژانه ته‌رخان بكه‌ین.
به‌نداو:
دروستكردنی به‌نداو ته‌نها ئاوه‌كه نییه،
یه‌كه‌م: ده‌بێته خاوه‌ن كۆگایه‌كی گڵدانه‌وه‌ی ئاو.
دووه‌م: بۆ كشتوكاڵ به‌كارده‌هێنرێت.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕۆژانه بن كه كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن، ده‌توانرێت ببێت به پڕۆژه‌یه‌كی پیشه‌سازی.
چواره‌م: ده‌بێته پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتوگوزاری، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان كه ده‌كرێت، نابێت به كه‌متر له رێژه‌ی 30%ی سه‌وزایی تێیدا قبووڵ بكرێت، جگه له‌مه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ئێوه، له ماڵه‌وه هه‌ر كه‌سێك دره‌ختێك له ماڵه‌كه‌ی بڕوێنێت، به‌لایه‌نی كه‌م 5 تا 6 ملیۆن دره‌ختی دیكه له هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌بێت، كه ساڵانه رواندنی دره‌ختێك هیچ نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی دارچاندن بكه‌ین، به‌ومه‌رجه‌ی له‌و شوێنانه نه‌بێت كه ده‌بڕدرێنه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ داچێنرا و سبه‌ی به‌هۆی دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌ك بڕایه‌وه، ئه‌وا هیچ سوودێكمان لێ نه‌بینی، بۆیه ده‌بێت ئه‌و شوێنانه ده‌ستنیشان بكه‌ین، كه نهبڕدرێنهوه و ئه‌و جۆره دره‌ختانه‌ش به‌كاربهێنین، كه به‌رهه‌می دیكه‌شی هه‌بێت، داری زه‌یتون ته‌مه‌نی ده‌گاته هه‌زار ساڵ، فسته‌ق و ئه‌م جۆره دره‌ختانه، جا ته‌نانه‌ت له پرسی پڕۆژه‌ی دێهاته‌كانیش، ئێمه دار مازوو و قه‌زوان و به‌ڕوومان هه‌یه و هه‌موویان به‌كه‌ڵك دێن و ده‌كرێت پڕۆه‌ی وا دروست بكرێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه، كه خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ش بتوانن سوودی لێوه‌ربگرن.