دادگای سلێمانی: كه‌س و كاری تارقی به‌قاڵ لە هەموو دانیشتنێكی دادگا سوكایەتیان بە دادوەران و داواكاری گشتی كردووە

"جێگەی داخ و نیگەرانییە كە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا"
دادگای سلێمانی
دادگای سلێمانی

‎‎K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاشكرای ده‌كات، حاڵەتی لێدانه‌كه‌ی دادگای سلێمانی كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، جێگەی داخ و نیگەرانییه‌ دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو دادگای سلێمانی حاڵەتێكی نەخوازراو روویدا و گرتە ڤیدیۆیەكی كورت لە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە كە چەندین تۆمەت و چەواشەكاری و ناڕاستی تێوەئاڵێنراوە.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بۆ هەموولایەكی روونی دەكەینەوە دۆسیەی كوشتنی تارقی بەقاڵ لە دادگا كۆتایی هاتووە و بكوژەكانی حوكمدراون بە لەسێدارەدان و سزاكەشیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پەسەند كراوە و دۆسیەكەیان رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كراوە، وە جێبەجێی كردنی سزاكە پەیوەندی بە دادگاوە نییە و لە تایبەتمەندی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆی دادگا پەیوەندی بە بكوژەكانەوە نەبووە، بەڵكو دادگایی كەسێك كراوە كە دوای دزینی ئوتومبێلەكەی تاوانلێكراوی كڕیوەتەوە و بەتۆمەتی (حیازة اموال مسروقة) دادگایی دەكرێت و دادگاییش لەو دۆسیەیە بەردەوامە.

‎سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ روونیكرده‌وه‌، هەر ئەمڕۆ دادگایی چەندین تاوانكار و تۆمەتبار لە دادگاكانی سلێمانی بەڕێوەچووە كە زۆر لە كەیسەكەی ئەو قورستر و ترسناكتر بوون، كەسوكاری لایەنەكان بەوپەڕی رێز و شكۆوە لە دادگا و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەرییان روانیووە و پرۆسەكە بەشێوەیەكی یاسایی رێكوپێك بەڕێوەچووە، بەپێچەوانەی كەسوكاری تاوانلێكراوی ناوبراو كە هەمیشە و لە هەموو دانیشتنێكی دادگادا پشێوییان ناوەتەوە و سوكایەتی و تەشهیر و بێڕێزی زۆریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و هەموو لایەك كردووە، بەڵام رەچاوی دڵگەرمییان و حاڵەتەكەیان كراوە و چاوپۆشییان لێكراوە، ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی وەك هەموو جارێك سوكایەتی و جنێو و تەشهیریان بە دادوەران و داواكاری گشتی و پۆلیس و پاسەوانەكان كردووە و پەلاماریان داون، بەو کەرەستانەش لەبەردەستیان بووە ئازاری پۆلیس و پاسەوان و تەنانەت پارێزەریشیان داوە كە بەڤیدیۆ كۆی رووداوەكان بەردەستە و حاڵەتەكەی ئەمڕۆش كاردانەوەی ئەو رەفتارانەی ئەوان بووە.

‎دادگا باس له‌وه‌ش ده‌كات، سەبارەت بە دەستگیردنیشیان، لەسەر سكاڵای پۆلیسەكان و بەپێی مادەی (230)ی یاسای سزادان هەواڵەی دادگای لێكۆڵینەوە كراون و پاشان بە كەفالەت ئازاد كراون تا رۆژی دادگایی.

‎هه‌روه‌ها له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانیدا هێما بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ئەو حاڵەتی لێدانەش كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە رەفتارێكی کەسییە و ئەو كەسە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پەسەندی ناكات و بە نەخوازراوی دەزانێت، وە ئەو كەسەی ئازار دراوە دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و دادگا ئیجرائاتی یاسایی پێویست دەگرێتە بەر، بەڵام ناكرێت حاڵەتەكە بگشتێنرێت بەسەر هەموو پۆلیس و پاسەوانەكانی دادگادا كە ئەركیان پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و شكۆی دادگایە.

ئه‌مڕۆ له‌ ناو دادگای سلێمانی شه‌ڕ و پێكداهه‌ڵپژان له‌ نێوان كه‌سوكاری تارقی به‌قاڵ و ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی ئه‌منیی درووست بوو، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی رووداوه‌كه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی بووه‌ته‌ هۆی درووستبوونی ئاڵۆزییه‌كه‌ راگیراوه‌.  

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، هه‌ریه‌ك له‌ دایك و هه‌شت خوشكی تارقی به‌قاڵ له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ بڕیاری راگرتنیان بۆ ده‌ركراوه‌ و دواتر ئازاد كران.