خەزعەلی داوا دەکات بەپەلە حکومەتێكی نوێ پێکبهێنرێت

"شکست بە ئەجندای دەرەکی بهێنرێت"
خەز عەلی
خەز عەلی

K24 - هەولێر

قەیس خەزعەلی، داوا دەکات پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و "شکست بە ئەجندای دەرەکی بهێنرێت".

دوای قەبوڵکردنی دەستلەکارکشاندنەوەی پەرلەمانتارەکانی رەوتی سەدر لەلایەن محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی ئەهلولحەق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، "گرنگە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێک، کە رێگە بگیرێت لە سەرهەڵدانی ئاژاوە و شکستیش بە ئەجێندای دەرەکی بهێنرێت".

خەزعەلی ئاماژەی بەوەشدا "لە ماوەی رابردوودا دەستوەردانی زەقی نێودەوڵەتی هەبووە، بە تایبەتیش پڕۆژەی ئیسرائیلی بۆ تێکدانی پارێزگاکانی ناوەند و باشوور و لێدانی پێکهاتەی شیعە".

راشیگەیاند، ئومێد دەکەن حکومەت و سەرۆک وەزیرانی نوێ، چارەسەری کێشە ئابوورییەکان و تەواوی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بکەن و پشتیوانی لە تەواوی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکرێت.

لە 12/6/2022، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ نووسراوێكی ده‌ستنووسدا، داوای له‌ په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كه‌ی كرد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌ن. دواتر دەستلەکارکێشانەوەیان لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران واژۆی لەسەر کرا.