یاریدەدەرە دڵخوازەکەی ترەمپ و کاندیدی داهاتوو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا

لەسەروبەندی ریفراندۆمی کوردستان داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکات
رۆن دیسانتیس 43 ساڵ
رۆن دیسانتیس 43 ساڵ

K24 - هەولێر:

تەنیا 18 مانگە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکایە و خەڵکی لە ئێستاوە دەستیان بە گرەوکردن کردووە لەسەر ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەو وڵاتە.

وێبسیاتی "ناین نیوز" لە هەواڵێکدا باسی لەوە کرد، پێشبینیەکان ئاماژە بەوە دەدەن، دڵخوازترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا نە جۆو بایدن و نە دۆناڵد ترەمپە، بەڵکو یاریدەدەرێکی پێشووی ترەمپە بەناوی رۆن دیسانتیس (تەمەن 43 ساڵ).

رۆن دیسانتیس ساڵی 2018 کاندیدی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتی فلۆریدا، بەڵام ئێستا نزیکە لەوەی ببێتە جێگرەوەی ترەمپ و کاندیدی داهاتووی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ناوبراو لە فلۆریدا لەدایکبووە و لە زانکۆی یایل زەمالەی خوێندنی وەرگرتووە و دواتر بڕوانامەی پارێزەری بەدەستهێناوە، لە ساڵی 2012 بۆ کۆنگرێس هەڵبژێردرا و سێ خول کاری کردووە پێش ئەوەی خۆی بۆ پۆستی حاکمی فلۆریدا کاندید بکات.

دیسانتیس لە ساڵی 2017 لەسەروبەندی ریفراندۆمی کوردستان داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکات و گوتی: "پێویستە ئەمریکا شانبەشانی کوردەکان بوەستێت. شتێکی تراجیدی دەبێت ئەگەر رێگە بدەین کوردەکان لەلایەن ئەو هێزانەوە پەلامار بدرێن کە دەستیان بە خوێنی ئەمەریکییەکان سوور بووە". 

رۆن دیسانتیس لە کۆنگرێس هەڵگرتنی چەکی بۆ خەڵکی ئاسانتر کردووە و دژی رێکارە توندەکانی تەندروستی بوو کە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتی کەرەنتینە دەگیرانە بەر.

لەو راپرسیانەی کە لە نێوان لایەنگرانی پارتی کۆمارییەکان ئەنجامدراون دەرکەوتووە، بەراورد بە ترەمپ، جەماوەر زیاتر لەگەڵ "رۆن دیسانتێس"ـدان.