"له ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا دوو به‌رپرسی ئێران كراونه‌ته ئامانج"
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، ته‌نیا له دوو هه‌فته‌دا، ئێران ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی یه‌ك به‌دوای یه‌ك كوژراون، تارانیش هه‌ر زوو ئیسرائیلی به ئه‌نجامده‌ری به ئامانجگیراوه‌كان تۆمه‌تباركردووه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، "پێده‌چێت ئیسرائیل به ئامانجگرتنی كه‌سایه‌تییه ئاست به‌رزه‌كانی بواری ئه‌تۆمییه‌وه بۆ كه‌سایه‌تییه سه‌ربازییه‌كان و ئاسته‌كانی خوارووی ئه‌تۆمی گۆڕی بێت"، هه‌فته‌ی رابردووش 2 زانای بواری ئه‌تۆمی ئیران گیانیان له‌ده‌ستداوه، "تووشی حاڵه‌تی ژه‌هراویی بوونه، ره‌نگه ئیسرائیل له پشت ئه‌و ژه‌هراویی بوونه بووبێت"، به‌ڵام مردنی ئه‌و دوو زانایه هه‌ر به نهێنی ماوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانیاری دژ به‌یه‌ك له تارانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
رووداوه‌كه دوای كوژرانی "سه‌عید خودایی" عه‌قیده سه‌ربازییه‌كه‌ی سوپای پاسدارانی ئێرانه، كه له تارانی پایته‌خت كرایه ئامانج و ئیسرائیل به كوشتنی ئه‌و به‌رپرسه سه‌ربازییه تۆمه‌تبار كرا.
نیویۆرك تایمز روونیكرده‌وه، ئێران پێیوایه هه‌ردوو زانای ئه‌تۆمی "ئه‌یوب ئینتیزاری" و "كامه‌ران ئاغامه‌ولایی" له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له رێگه‌ی خواردنه‌وه ژه‌هرخوارد كراون، به گوێره‌ی زانیاریی به‌رپرسێكی ئێران، دوو كه‌سی دیكه‌ش په‌یوه‌ندییان به بابه‌ته‌كه هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ستیاری پرسه‌كه، ناوه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراوه.
گومانه‌كان له‌سه‌ر ئیسرائیل كۆكراوه‌ته‌وه، كه پێشتر رایگه‌یاندبوو، ئێران له توانای درووستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی نزیكبووه‌ته‌وه، بۆیه به ئامانجگرتنی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه، ئیسرائیلی پێ تۆمه‌تبار كراوه.
ئینتیزاری، ئه‌ندازیاری فڕۆكه‌وانی بووه و له سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی سه‌ربازی كاری كردووه، ئاغامه‌ولایی-یش جیۆلۆجی بووه. رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه هه‌ردوو كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌رچووی باشترین زانكۆی ئێرانن، هه‌ردووكیشیان جه‌سته‌یه‌كی ته‌ندروستیان هه‌بووه و وه‌رزشیان ده‌كرد، به‌ر له‌وه‌ی له كۆتایی مانگی ئایار/ مایۆی رابردوو نه‌خۆش بكه‌ون و بۆ به‌شی چاودێری چڕی دوو نه‌خۆشخانه له دوو شاری جیاواز بگوازرێنه‌وه، كه دووری نێوانیان نزیكه‌ی 650 كیلۆمه‌تره.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، گومانی گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه زیاتر بووه، كاتێك سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئیسرائیل و كه‌ناڵه هه‌واڵییه فارسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاشكرایان كرد، ئاغامه‌ولایی له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی نه‌ته‌نزی ئێران كاری كردووه.
رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ده‌ڵێت، هاوڕێكانی نكۆڵییان له‌وه كردووه، كه ئاغامه‌ولایی له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران كاری كردبێت، گوتوویانه: "له كۆمپانیایه‌كی تایبه‌تی توێژینه‌وه‌ی جیۆلۆجی كاری كردووه"، بۆیه ئه‌مه پشتڕاست نه‌كراوه كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به حكومه‌تی ئێران و به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌وه هه‌بووبێت.
ئینتیزاری-یش، به بڕوانامه‌ی دكتۆراوه له بواری هێزی ئاسمانی و پڕۆژه‌ی مووشه‌ك و بزوێنه‌ر بۆ سه‌نته‌رێكی حكومی له بواری فڕۆكه‌وانی و ئاسمانی ئێران له شاری یه‌زد كاری كردووه، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا نیشانه‌كانی ژه‌هراوییبوونی تێدا ده‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی له بانگهێشتكردنێك بۆ نانی ئێواره داوه‌ت كرابوو. دوای گیان له‌ده‌ستدانیشی پارێزگاری یه‌زد پرسه‌نامه‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ناردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه خزمه‌تی نیشتمانی كردووه و به "شه‌هید" ناوی هێناوه.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمز، ئاغامه‌ولایی له شاری ته‌برێزه‌وه به‌ره‌و تاران گه‌ڕاوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی تووشی رشانه‌وه‌ی و سكچوونی به‌رده‌وام بووه، رۆژ دوای رۆژ ته‌ندروستی خراپتر بووه، تا گیانی له‌ده‌ستدا، كه هاوڕێیه‌كی ئه‌مه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه.
گومانی به ئامانجگرتنی هه‌ردوو كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ئێران به ئاراسته‌ی ئیسرائیل بوون، به‌ڵام هه‌ر زوو به‌رپرسانی ئێران له ناساندنی "ئینتیزاری" وه‌ك "شه‌هید" پاشه‌گه‌زبوونه‌وه، تا ئێستا هیچ لایه‌نێك ورده‌كاری زیاتری نه‌دركاندووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری یه‌زد له ده‌سته‌واژه‌ی "شه‌هید" په‌شیمان بووه‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌مه "هه‌ڵه بووه".