وهزارهتی بازرگانی عێراق ئامادەکاری بۆ دەرکردنی پڕۆژەی نانی پاڵپشتیکراو دەکات
K24 - ههولێر:
وەزارەتی بازرگانی عێراق کار بۆ دەرکردنی پڕۆژەی نانی پاڵپشتیکراو لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکات، کە ئامانجییەتی بڕێکی زۆری گەنم و ئارد بخاتە بازاڕەوە و فڕن و نانەواخانە حکومییەکان بەگەڕبخاتەوە.
محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دانەوێڵەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی پلانێکی ستراتیژی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی نانی پاڵپشتیکراو لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکات.
گوتیشی: بە گوێرەی پلانەکە کۆمپانیای گشتی دانەوێڵە 300 هەزار تۆن گەنم و ئارد و دانەوێڵە دەخاتە بازاڕەوە، بۆ ئەمەش هەماهەنگی لەگەڵ فڕن و نانەواخانەکان لەسەرجەم پارێزگاکان دەکات تاوەکو ئاردی بە نرخی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ بفرۆشێت.
روونیشی کردەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە گرانبوون لەم هەفتەیەدا پاڵپشتی بۆ نانەواخانە و فڕنەکان رادەگەیەنن. لە هەمان کاتدا جارێکی دیکە پشتیوان لە فڕن و نانەواخانە حکومییەکان دەکەن. ئامانجیانە بەو هەوڵەیان نرخی 15 سەموون بۆ 1000 دینار دابەزێنن، لە کاتێکدا ئێستا نرخی 6 بۆ 8 سەموون بە هەزار دینارە.