10 هه‌زار سه‌گ و پشیله له فستیڤاڵێكدا ده‌خورێن
K24 – هه‌ولێر
فستیڤاڵی ساڵانه‌ی خواردنی گۆشتی سه‌گ له باشووری چین، له میانه‌ی به‌رفراوانبوونی ره‌خنه ناوخۆیی و جیهانییه‌كان ده‌ستیپێكرد.
نزیكه‌ی 10 هه‌زار سه‌گ و پشیله له میانه‌ی فستیڤاڵی 10 رۆژه‌ی "یولین" ده‌كوژرێن و ده‌خورێن.
چالاكانی دژی ئه‌م قستیڤاڵه رایانگه‌یاند ئه‌وه رووداوێكی سته‌مكارانه‌یه، كه له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 11 ملیۆن ئیمزایان كۆكردۆته‌وه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی فستیڤاڵه‌كه.
به‌وته‌ی به‌رپرسانی ئیداری ناوچه‌كه، فستیڤاڵه‌كه پشتگیری فه‌رمی نییه، ته‌نیا له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ته‌وه رێكخراوه.
خواردنی گۆشتی سه‌گ له چین، كۆریای باشوور و هه‌ندێ وڵاتی تر دابونه‌ریتێكی كۆنه له 500 ساڵ ته‌مه‌نی هه‌یه، كه هه‌ندێك پێیان وایه بۆ خۆپاراستنه به‌رامبه‌ر گه‌رمای هاوین.
فستیڤاڵی یولین به ده‌ستپێكردنی هاوین ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا داهێنراوه.
به‌شدارانی فستیڤاڵه‌كه ده‌ڵێن ئاژه‌ڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مرۆڤانه له فستیڤاڵی یولین ده‌كوژرێن، به‌ڵام ره‌خنه‌گران ده‌ڵێن به‌شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه ده‌كوژرێن و هه‌ندێكیان به لێدان ده‌كوژرێن و هه‌ندێكیشیان به زیندوویی ده‌كۆڵێنرێن.
له سه‌ره‌تای فستیڤاڵه‌كه، سه‌گه‌كان له قه‌فه‌سی بچووك و ته‌سك دانراون كه په‌تی را‌گرتن له ملیان دایه و له‌وانه‌یه هه‌ندێكیان دزراو بن و هه‌ندێكیان له شاره‌كانی تر به شێوه‌یه‌كی ناته‌ندروست هێنراون، كه به ئاسانی ده‌بنه هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی.
چالاكوانانی دژی فستیڤاڵه‌كه به دروشمی "راگرتنی هه‌میشه‌یی یولین" رایانگه‌یاند له‌ماوه‌ی هێنانی سه‌گه‌كان بۆ فستیڤاڵ، ئاو و خواردنیان پێ نادرێت.
خواردنی گۆشتی سه‌گ له چین یاساییه، كه ساڵانه 10 ملیۆن سه‌گ به‌مه‌به‌ستی خواردن ده‌كوژرێن.