پوخته‌ی وته‌كانی مه‌سرور بارزانی له میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی دووشه‌ممه (14ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022)، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی به‌سه‌ر كرده‌وه و له وته‌یه‌كدا وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر بایه‌خ و گرنگی رێكخستنه‌وه‌ی بواره‌كانی په‌یوه‌ست به وه‌زاره‌ته‌كه‌وه، رایگه‌یاند، پێویسته خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ین و رۆتین نه‌هێڵین و بواره‌كانی هاتوچۆ و ته‌كنۆلۆژیا رێكبخه‌ینه‌وه.
پوخته‌ی وته‌كانی
به‌رده‌وام حه‌ز ده‌كه‌ین كاری حكومه‌ت باشتر بن، زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ین. رۆتین نه‌هێڵیین، ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت و ئه‌و بواره‌ی په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی ئێوه هه‌یه زیاتر پێشی بخه‌ین و زۆرتر بیخه‌ینه خزمه‌تی خه‌ڵ.
به‌داخه‌وه زۆر جار ده‌بینین ئه‌م ته‌كنۆلۆژیایه بۆ خه‌ڵك و هه‌ندێك خێزان بووه‌ته به‌ڵا، به‌داخه‌وه، كوشتنیشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، خراپ به‌كارهاتووه و كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی هه‌بووه، وه‌ك شمشێرێكی دووسه‌ر بووه، زۆر ئاسانكاری ده‌كات، به‌ڵام له زۆر روویشه‌وه رێگه‌ی خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیا واده‌كات زیانی زۆر به كۆمه‌ڵگه و میلله‌ت بگه‌یه‌نێت.
ئه‌مه پرسیارێكه و ده‌مه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، ئێمه چۆن ده‌توانیین رێگری له خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆژیا بكه‌ین؟ هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی فرۆشتن و به‌كارهێنانی سیمكارتی بێ ناونیشانه. كۆمپانیاكانیش خۆیان پێیان خۆش ده‌بێت رێگری لێ بكرێت.
خراپ به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی توندوتیژی، داعش له رێگه‌ی سوودوه‌رگرتن له سۆشیال‌میدیا كاری بۆته‌جنید ده‌كرد و ده‌چووه هه‌موو ماڵێك و ده‌یتوانی به ئاسانی بگاته هه‌ر گه‌نجێك كه بیه‌وێت، جا خۆی له هه‌ر كوێ بوایه، ئێمه چۆن ده‌توانین ئه‌و كۆدانه ده‌ستنیشان بكه‌ین، بۆ پێناسه‌كردنی توندوتیژی و سیخوڕی و سوكایه‌تی؟ ئه‌و كۆدانه‌ی هه‌یه، وه‌زاره‌ت بتوانێت كۆنترۆڵیان بكات.
خاڵێكی دیكه پێشخستنی پرۆژه‌ی بچووكه، ئه‌مه عه‌قڵی ده‌وێت، خه‌ڵكێكی باشیشمان هه‌یه. من كه چوومه سویسرا، بۆ داڤۆس، دوو سێ گه‌نجی كوردم بینی، ئه‌پڵیكه‌یشنیان درووست كردبوو، 22 ساڵیی و 24 ساڵیی بوون، ببوونه مه‌ڵتی ملیۆنه‌ر. له كوردستانیش ده‌كرێت ئه‌وه پێشبخرێت، ئه‌وه پێویستیی به زه‌وی و ئاو نییه، ته‌نیا پێویستی به عه‌قڵه و ئه‌مه ده‌توانێت ببێته سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره بۆ كوردستان، هه‌رچی پێتان ده‌كرێت بۆ پشتیوانی له داهێنان و كۆمپانیا بچووكه‌كان من سه‌د له سه‌د پشتیوانتانم.
له باره‌ی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه هێزی كار له كۆمپانیاكان ده‌بێت %70 خۆماڵی بێت و ئه‌وه‌ی %30 ماوه‌ته‌وه، ده‌بێت بۆ ئه‌و خه‌ڵكه بیانییه بێت، كه كاره‌كه‌یان ده‌گمه‌نه و پێویسته ئه‌وانیش خه‌ڵكی خۆمان رابهێنن و پێ بگه‌یه‌نن.
له باره‌ی تاكسییه‌وه، كاری ئه‌وه كراوه، كه زانیاری ورد له باره‌ی ئۆتۆمبێله‌كه و شوفێره‌كه هه‌بێت، به‌ڵام خاڵێك هه‌بوو، هه‌ستم نه‌كرد، ئاماژه‌تان پێدابێت، ئه‌ویش دانانی شاشه‌یه‌كی كۆمپیوته‌ره كه به كیلۆمه‌تر نرخ دیاری كرابێت و پێویسته منی هاووڵاتیانی پێویسته بزانم له‌و شوێنه‌وه ده‌چمه فڵان شوێن نرخه‌كه‌ی چه‌نده و پێویسته ئه‌وه‌ش رێكبخرێت جا ئامێره و پرۆگرامه و چۆنێتی به‌ستنه‌وه‌ی به ناوه‌ندێكه‌وه ده‌بێت رێكبخرێت.
له باره‌ی هێڵی ئاسنینه‌وه دوو خاڵ هه‌یه، یه‌كێكیان هێڵی نێوده‌وڵه‌تییه، كه ئه‌وروپا به كه‌نداو ده‌به‌ستێته‌وه و ئه‌وی دیكه‌ش خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ده‌توانین لێی سوودمه‌ند بین، به‌ڵام سووده‌كه ئه‌و كاته ته‌واو ده‌بێت، ئێمه هه‌موو شاروشارۆچكه‌كانی خۆمان به‌یه‌كه‌وه ببه‌ستینه‌وه. به تایبه‌تی ئه‌و شار و ناوچانه‌ی ده‌توانین پیشه‌سازی تێدا پێشبخه‌ین. هه‌موو ئه‌و تۆڕه ناوخۆییه ببه‌سترێته‌وه به تۆڕی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه. له رووی دیزاینه‌وه ده‌بێت هه‌مووی یه‌ك ستاندارد بێت و ده‌بێت ئێمه له‌گه‌ڵ عێراقیش گفتوگۆ بكه‌ین.