ئەڵمانییەکان بوونەتە فریادڕەسی ئۆکرانیا

"ئامادەیی بۆ بەخشین و پشتگیریکردنی ئۆکرانیا لە ئاستێکی بەرزدایە"
ئاڵای هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ئەڵمانیا
ئاڵای هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و ئەڵمانیا

K24 - هەولێر:

بەگوێرەی راپرسیەك، هاووڵاتیانی ئەڵمانیا لە سەرەتای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە تا ئێستا، نزیکەی 812 ملیۆن یۆرۆیان بەخشیوەتە ئۆکرانیا.

لە هەواڵێكی وێبسایتی "تایمس نیوز" ئاماژە بەوە دراوە، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە وەك هاوکاری دراوەتە ئۆکرانیا، زۆرترین بڕی هاوکاری مرۆییە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە.

ئەم داتایە لەلایەن (DZI) پەیمانگای ناوەندی ئەڵمانیا بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگاکە، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن هاووڵاتیانی ئەڵمانییەوە تا ئێستا وەک هاوکاری بەخشراوەتە ئۆکرانیا، زۆرترین بڕی بەخشینە کە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە بۆ کارەساتێك کۆکرابێتەوە.

یەکێکی دیکە لەو هاوکاریە مرۆییانەی کە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە، کۆکردنەوەی 670 ملیۆن یۆرۆ بوو بۆ زیانلێکەوتووانی تسونامیەکەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە ساڵی 2004 روویدا.

بورخارد ویلک، بەڕێوەبەری کارگێڕی پەیمانگاکە، گوتی: "بە بڕوای ئێمە، سەرەڕای ئەوەی ئامادەیی بۆ بەخشین و پشتگیریکردنی ئۆکرانیا لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام رۆژانە بڕی بەخشین کەمی کردووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "قەیرانەکانی برسێتی و کەمی خۆراک لە سودان و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا بەڕوونی پێمان دەڵین، ئەم بەشەی جیهانیش پێویستی بە هاوکاری بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە".