دوو پڕۆژەی گەورەی ئاو لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبه‌جێ ده‌كرێن

بە گوژمه‌ی 6 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار
وێنەی یەکێک لە پرۆژەکان
وێنەی یەکێک لە پرۆژەکان

K24 - هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوو پڕۆژەی ئاو لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن كە گرفتی ئاو لە بەشێكی زۆری ئەو دوو شارەدا چارەسەر دەكەن و لە كۆتایی ئەم مانگەشدا پڕۆژەكان بە فەرمی دەكرێنەوە.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بەو دوو پڕۆژەیە، رایگه‌یاند: پڕۆژەكەی سلێمانی به‌ ناوی ( IQ-28 pak-4 lot1)، بریتییە لە ڕاكێشانی بۆڕیی 600ملم لەنێوان تاسڵوجە تاوەكو خەزانی سەرەكیی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانی لە نزیك سەرچنار، پڕۆژه‌كه‌ی هەڵەبجەش (IQ-28 pak-4 lot2)، بریتییە لە گۆڕینی تۆڕی ئاوی دوو گەڕەك و چارەسەركردنی ئاوەڕۆی چەند شوێنێكی سەنتەری شاری هەڵەبجە.

سەبارەت بە گوژمەی پرۆژەكانیش ناوبراو گوتی: "گوژمەی پڕۆژەكان نزیكەی 6 ملیۆن و 700 هەزار دۆلارە و بەشێوەی قەرزی ژاپۆنی بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاژانسی جایكا كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هەیە، جێبەجێ دەكرێن.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا بەشێكی پڕۆژەكان كەوتوونەتە بواری كاركردنەوە، پڕۆژەكەی سلێمانیش لە قۆناغی تێست دایە و لە كۆتایی ئەم مانگەدا هەردوو پڕۆژه‌ دەكرێنەوە.

وێنەی یەکێک لە پرۆژەکان
وێنەی یەکێک لە پرۆژەکان