لە هەولێر 138 بیری ئاو لێدەدرێن

ئەمساڵ نزیکەی 300 بیری ئاو لە سنووری هەولێر وشکیان کردووە
لێدانی بیر لە 8ی حەسارۆک - ئەرشیف
لێدانی بیر لە 8ی حەسارۆک - ئەرشیف

K24 - هەولێر

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو تەرخانکردووە، تاوەکو ئێستاش 40 بیر لێدراون.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "کێشەی کەمئاوی بەتایبەت لە وەرزی هاویندا دروست دەبێت. لەو وەرزە چەند هۆکارێک هەن، یەکێک لەوانە زیادبوونی خواستە لەسەر ئاو، بابەتێکی دیکەش خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت و رێژەی پێدانی کارەبا کەمدەبێتەوە لە شارەکان ئەوەش، وا دەکات بەرھەمی ئاومان کەم ببێتەوە لە هاویندا."

لە پارێزگای هەولێر کەمئاوی زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە هەستی پێدەکرێت و تەنیا لە ماوەی ئەمساڵیشدا لە تەواوی پارێزگاکە نزیکەی 300 بیری ئاو وشکیان کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگای هەولێر پلانی تایبەتی داناوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمئاوی.

 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە دوو پلانمان هەیە: پلانی هەنووکەیی، ئەوەیە کە دەستبەجێ پێویستە، پلانێکی درێژخایەنیشمان هەیە. پلانە هەنووکەییەکە ئەوەیە کە بەڕاستی بە لێدانی بیری زیاترە، بابەتی درێژخایەنیش بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی لە شاری هەولێر، ئەوە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە کە پارەیەکی زۆری دەوێ، کە کێشەیەکی ستراتیژییش چارەسەر دەکات. چارەسەر بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتووش تووشی کەمئاوی و قەیرانی ئاو نەبین".

بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵی و کەمئاوی لە هەولێر، کابینەی نۆیەم زیاتر لە 7 ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو تەرخانکردبوو، تاوەکو ئێستاش 40 بیر لێدراون.

سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری