دژە تیرۆری کوردستان: تورکیا بارەگای هێزەکانی یەبەشەی لە سنونێ بۆردومان کرد

زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە
دیمەنی بۆردومانەکە
دیمەنی بۆردومانەکە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی حوزەیرانی 2022، فڕۆکەکانی تورکیا بارەگای هێزەکانی "یەبەشە"ـی لە ناحیەی سنونێ سەربە قەزی شنگال بۆردومان کرد. 

بە گوێرەی زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، بۆردومانەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بووە و بۆردومانەکە کوژرانی شەش کەسی لێکەوتووەتەوە. 

هاوکات دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکەیان لە ناحیەی سنوونێ لە قەزای شنگال بۆردومان کرد و زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال "یەبەشە"ـی سەربە پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی سنووری شنگال بنکە و بارەگایان هەیە و لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ سوپای عێراقدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوانیان دروست بوو، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی ئەو ناوچەیە بەرەو پارێزگای دهۆک.