"ترسمان هەیە ئەم سکچوونەی بڵاوبۆتەوە پەتای کۆلێرا بێت"

تەندروستی سلێمانی: هیچ شوێنێک لە نەخۆشخانەی شار نەماوە
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ترس و گومانمان هەیە ئەم سکچوونەی بە رێژەیەکی زۆر لەناو پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بڵاوبۆتەوە، پەتای کۆلێرا بێت.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێژەی تووشبوون بە پەتای سکچوون لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیادیکردووە و دوێنێ هیچ شوێنێک لە نەخۆشخانەی شار نەماوە و  بەناچاری نەخۆشخانەیەکی دیکەیان بۆ نەخۆشانی ئەو پەتایە تەرخانکردووە.

دکتۆر سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە تا ئێستا بە پشکنین دەرنەچووە ئەم پەتایە کۆلێرا بێت بەڵام بەپێی نیشانەکان گوماندەکەین پەتای کۆلێرا بێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی گوتیشی، ئامادەکاریان کردووە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و داواش لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن چونکە پەتای سکچوونیش لە قۆناغێکدا کوشندەیە.

هەروەها روونیشیکردەوە، بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون شتێکی چاوەڕوانکراو بوو چونکە هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بڵاودەبێتەوە بەڵام بەپێی ستانداردە جیهانییە پێنج بۆ شەش ساڵ جارێک پەتای کۆلێرا بڵاودەبێتەوە، بۆیە ترسیان هەیە ئەوەی ئێستا بڵاوبۆتەوە کۆلێرا بێت.