حکومەتی پاکستان بۆ هاووڵاتیانی: کەمتر چا بخۆنەوە

K24 - هەولێر:
حکومەتی پاکستان داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات لەپێناو سەقامگیری ئابووری کەمتر چا بخۆنەوە و خاوەن کارەکان رۆژانە زووتر شوێنی کارەکانیان دابخەن لەپێناو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا.
بە گوێرەی هەواڵێكی "CNN"، ئەحسان ئیقبال، وەزیری فیدراڵی بۆ پلاندانان و گەشەپێدان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، "هاووڵاتیان دەتوانن کەمتر چا بخۆنەوە "پیاڵەیەك یان دوو پیاڵە لە رۆژێکدا"، ئەمەش لەپێناو سەقامگیری ئابووری وڵاتەکە و کەمکردنەوەی فشاری دارایی لەسەر حکومەت".
ئەو وەزیرە گوتی: "ئەو چایەی ئێمە هاوردەی دەکەین، بە قەرز دەیکڕین." ئاماژەی بەوەشدا، "فرۆشگا و خاوەن بزنسەکان پێویستە زووتر شوێنەکانیان دابخەن، ئەمەش لەپێناو بەفیڕۆنەدانی کارەبا".
لێدوانەکانی ئەحسان ئیقبال لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پاکستان کاردانەوەی لێکەوتەوە و زۆرێک رەخنەیان لە قسەکانی گرت و باسیان لەوە کرد کەمکردنەوەی بەکارهێنانی چا کاریگەریەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری وڵات نابێت
پاکستان ژمارەی دانیشتوانی 220 ملیۆن کەسە و گەورەترین هاوردەکەری چایە لە جیهاندا، تەنیا لە ساڵی 2020ـدا زیاتر لە 640 ملیۆن دۆلاریان بۆ کڕینی چا خەرج کردووە.