سه‌رۆكی چین: ئاماده‌ین هاوكاری رووسیا بكه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
هه‌ردوو سه‌رۆكی چین و رووسیا به ته‌له‌فۆن له‌باره‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوانیان گفتوگۆیانكرد.
شی جین بینگ، سه‌رۆكی چین و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا به ته‌له‌فۆن گفتوگۆیان له‌باره‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان كرد.
ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی چین له زای سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، بۆ زامنكردنی گه‌شه‌پێدانێكی سه‌قامگیر و درێژخایه‌ن، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌ماهه‌نگی بازرگانی بكات.
وێڕای هه‌بوونی رووداوه گه‌رمه‌كانی جیهان، سه‌رۆكی چین په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و رووسیای به (داینامیكی) وه‌سفكرد.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی چین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریی و ناسه‌قامگیرییه‌ی له جیهاندا هه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و رووسیا هه‌میشه به پارێزراوی ماونه‌ته‌وه.
شی جین بینگ ئاماده‌یی هاوكاری رووسیای له بواری ئه‌منی نیشتمانی بۆ پوتن دووپاتكرده‌وه‌و گوتی: "چین ئاماده‌یه هاوكاری ستراتیژی یه‌كێتی رووسیا بكات".
به گوێره‌ی زانیاری میدیا جیهانییه‌كان، چین بووه‌ته گه‌وره‌ترین هاورده‌كاری كه‌رتی وزه‌ی رووسیا، جیا له‌وه‌ش یه‌كه‌مین پردی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل له نێوان په‌كین و مۆسكۆ به‌م دواییه كرایه‌وه.
بۆ یه‌كه‌مینجار رووسیا و چین له ساڵی 1640 په‌یوه‌ندییان به‌ست، دواتر هاوكارییه‌كانی نێوانیان په‌ره‌ی سه‌ند، هه‌ردوو وڵات رژێمی پادشایه‌تیان له ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م رووخاند، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی هاوبه‌شیان له رووی جوگرافی و سیاسییشه‌وه هه‌یه.
په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی و سیاسی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له چین و رووسیا له‌وپه‌ڕی خراپیدایه، واشنتن به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیا جۆره‌ها سزای خستووه‌ته سه‌ر مۆسكۆ، جیا له خراپبوونی په‌یوه‌ندی په‌كین و واشنتن له‌باره‌ی دۆسییه‌ی تایوان.