له خولی سێیه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا، تایوان داگیرده‌كات
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
هه‌فته‌ی پێشوو، وه‌زیری به‌رگری چین به هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی گوت: "هیچ درێغی ناكه‌ین له داگیركردنی تایوان"، ئه‌مڕۆش 15ی حوزه‌یران، چین به فه‌رمی رێنماییه‌كی بڵاوكرده‌وه كه رێگه به به‌كارهێنانی سه‌ربازی (ناجه‌نگی) ده‌دات بۆ چوونه ناو تایوان.
شین جین پینگ سه‌رۆكی چین رێنماییه‌كی واژۆكرد كه رێگه به به‌كارهێنانی سه‌ربازی (ناجه‌نگی) تاكتیكی ده‌دات بۆ چوونه ناو تایوان هاوشێوه‌ی ئه‌و تاكتیكه‌ی كه رووسیا پێش داگیركردنی ئۆكرانیا به‌كاریهێنا.
به گوێره‌ی راپۆتێكی زه ته‌له‌گراف ئه‌م رێنماییه له ئه‌مڕۆ 15ی حوزه‌یران (یۆنیوی 2022)ـه‌وه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و ده‌بێته بنه‌مایه‌كی یاسایی بۆ سه‌ربازه چینییه‌كان تا ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجامبده‌ن كه ئامانج تێیدا جه‌نگ نییه.
به‌پێی ئه‌م رێنماییه، چین، تایوان به به‌شێك له خاكی خۆی ئه‌زانێت و بۆی هه‌یه پرۆسه‌ی سه‌ربازی تێدا ئه‌نجامبدات.
هه‌روه‌ها ئاژانسی هه‌واڵی شینگوا رێنمایی ناو بڕیاره‌كه‌ی به‌ته‌واوی بڵاونه‌كردۆته‌وه، به‌ڵكو ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی ئامانجی ئه‌م راگه‌یاندنه پاراستنی سه‌روه‌ری نیشتمانی، سه‌قامگیری ناوچه‌یی و رێكخستن و جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی سه‌ربازی ناجه‌نگییه شانبه‌شانی كۆمه‌ڵێك ئامانجی تری وه‌ك پێشكه‌شكردنی هاوكاری له‌كاتی رووداوه سروشتییه‌كان و هاوكاری مرۆیی.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی چین له‌كاتێكدایه كه رۆژی هه‌ینی رابردوو، 10ی حوزه‌یران (یۆنیۆی 2022) وه‌زیری به‌رگری چین هۆشداریدا به هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی كه په‌كین درێغی ناكات له ده‌ستپێكردنی جه‌نگ به‌رامبه‌ر تایوان ئه‌گه‌ر تایوان سه‌ربه‌خۆی راگه‌یه‌نێت.
به‌پێی ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێس هۆشیارییه‌كه‌ی وی فێنگێ وه‌زیری به‌رگری چین له‌كاتێكدا بوو كه یه‌كه‌مین به‌یه‌كگه‌یشتنی بوو له‌گه‌ڵ لوید ئۆستن -ی هاوتا ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌ی كاتێك له لوتكه‌ی ئاسایشی شانگیرلا له سه‌نگاپوره، چاویان به‌یه‌ككه‌وت.
رۆژنامه‌ی زه واشنتۆن پۆست له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی پێنتاگۆن-ه‌وه زانیاری زیاتری ده‌رباره‌ی یه‌كتربینینه‌كه‌ی فێنگێ و ئۆستن خستۆته‌ڕوو، كه وه‌زیری به‌رگری چین له‌به‌رده‌م وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا سوێندی خواردووه كه په‌كین هه‌موو پلانێكی سه‌ربه‌خۆی تایوان، تێكوپێكده‌شكێنێت.
له‌به‌رده‌م ئۆستن-دا، فێنگێ جه‌ختی له‌وه‌كردۆته‌وه كه تایوان، تایوان-ی چینه و به‌كارهێنانی تایوان بۆ كۆنترۆڵكردنی چین هه‌رگیز رێگه‌پێدراو نییه، به‌ڵام به‌پێی لێدوانی به‌رپرسێكی پێنتاگۆن، ئۆستن گرنگی به ئاشتی و سه‌قامگیری ده‌دات له سه‌رانسه‌ری گه‌رووی تایوان.
ئۆستن داوای له هاوتا چینییه‌كه‌ی كردووه كه چین خۆی له ناسه‌قامگیری زیاتری به‌رامبه‌ر تایوان به‌دووربگرێت.
به‌پێی زه نیویۆرك تایمز هه‌نگاوه‌كانی لكاندنی یان كۆتایی هێنان به كیانێك به‌ناوی تایوان یه‌كێكه له ئامانجه ستراتیژییه‌كانی شین جین پینگ له خولی سێیه‌می پۆسته‌كه‌یدا.
چین هه‌رگیز حوكمی تایوانی نه‌كردووه، به‌ڵام هه‌میشه وه‌ك شارێكی خۆی سه‌یری ده‌كات له‌كاتێكدا تایوان حوكمی خۆبه‌رێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، به‌ڵام سه‌رۆكی چین یه‌كگرتنه‌وه‌ی تایوان له‌گه‌ڵ چین -ی كردۆته به‌شێك له ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی له خولی سێیه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا.
ۆو كیانگ شرۆڤه‌كاری سیاسی له په‌كین به رۆژنامه‌ی ته‌له‌گراف-ی وتووه كه رێنماییه سه‌ربازییه‌كه كاریگه‌ری سیاسی له‌سه‌ر تایوان هه‌یه، وتیشی: "یه‌كگرتنه‌وه له‌گه‌ڵ تایوان یه‌كێكه له كاره بنچینه‌ییه‌كان كه بۆچی شین چین بینگ ده‌چێته خولی سێیه‌م".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد رێنماییه‌كه دواهه‌مین هه‌نگاوه له هه‌وڵه‌كانی چین بۆئه‌وه‌ی بیخاته‌ڕوو كه كاری ستراتیژی له‌سه‌ر تایوان له ماوه‌ی خولی سێیه‌می سه‌رۆكایه‌تیدا چییه.
مانگی رابردوو جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاتێك سه‌ردانی ژاپۆن-ی كرد نه‌ریتی ده‌یان ساڵه‌ی سیاسی شكاند و به ئاشكرا، وتی: "واشنتۆن به‌رگری له تایوان ده‌كات له‌رووی سه‌ربازییه‌وه، ئه‌گه‌ر چین هێرش بكاته سه‌ر تایوان".
له‌وكاته‌وه كه كۆشكی سپی ئه‌م لێدوانه‌ی راگه‌یاندووه هیچ لێدوانێكی تری به‌دوادا نه‌هاتووه كه سیاسه‌تی ناڕوونی ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا نیشانده‌دات كه ئایا ده‌ستێوه‌ردان ده‌كات له‌كاتی هێرشی چین بۆ سه‌ر تایوان یان نا؟.
ئه‌م گرژیی و هه‌ره‌شانه‌ی چین به‌رامبه‌ر تایوان به‌ته‌واوی له دوای پرۆسه‌ی سه‌ربازی داگیركاری رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا په‌ره‌ی سه‌ندووه كه زیاتر له 110 رۆژه به‌رده‌وامه و هیچ رۆشناییه‌كیش دیار نییه بۆ كۆتایی هاتن به جه‌نگ.