گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی لە ھەولێر دەکرێتەوە

جووتیاران لەسەر تازەترین سیستمی چاندن رادەھێنرێن
دیمەنێکی پڕۆژەکە
دیمەنێکی پڕۆژەکە

K24 - هەولێر

لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی لە ھەولێری پایتەخت دەکرێتەوە، کە دەبێتە ناوەندێکی گرنگی کشتوکاڵی نێودەوڵەتی، جگە لە چاندنی بەرھەم گەورەترین سەنتەری توێژینەوەی کشتوکاڵی لە خۆدەگرێت و زیاتر لە 110 کۆمپانیا تێیدا بەشدارن.

ئەندازیاری پڕۆژەکە، ماوەی سێ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە کە بە نوێترین تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتی کاردەکات، باس لەوە دەکات پڕۆژەکە جگە لە بەرھەم، سوودی زۆری بۆ جووتیارانیش دەبێت.

ئەیوب نادر، ئەندازیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "پڕۆژەکە تایبەتمەندی زۆری هەیە، بۆ نموونە خاکەکەی بۆ داچاندن زۆر جیاوازترە لە خاکی تر، بۆ نموونە هیچ ماددەیەکی زیانبەخش لە پێکهاتەی خاکەکەدا نییە، هەروەها گرنگییەکی بۆ کشتوکاڵ ئەوەیە دەتوانین بە کەمترین خەرجی بەرهەمێکی باش بە دەست بێنین".

پڕۆژەکە جگە لە خانووی شوشەیی، گەورەترین سەنتەری توێژینەوەی کشتوکاڵیش لە خۆدەگرێت کە نێودەوڵەتیە و زیاتر لە 110 کۆمپانیا تێیدا بەشدارن و بەرھەمەکانیان دەخەنەڕوو.

رەوەز پیرۆت، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکار بۆ کوردستان24 روونیکردەوە: "جۆری کشتوکاڵ لە پڕۆژەکەدا دەتوانین لە شتڵەوە تا بەرهەم بە کوالێتی باش، دواتر هەر خۆمان ئەو بەرهەمە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکەین، بۆ ئەمەش شارەزایی و بازرگانی و لێکۆڵینەوەمان پێویستە".

پڕۆژەکە ھەریەکە لە وڵاتانی ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا، بەلجیکا و ئیتاڵیا بەشدارن و بە سیستمی نێودەوڵەتی دروست دەکرێت. لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکدێت وەک خانووی شووشەیی کە سەرجەمی سیستمی ئەلیکترۆنییە، سەنتەری کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبردن و شوێنی تایبەت بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، لە سەنتەرەکەدا جووتیاران لەسەر تازەترین سیستمی چاندن رادەھێنرێن.