لە سلێمانی سەوزە قەدەغە دەکرێت

بۆ رێگریکردن لە پەتای سکچوون و رشانەوە
سەوزە
سەوزە

K24 - سلێمانی

بۆ رێگریکردن لە پەتای سکچوون و رشانەوە، تەندروستی سلێمانی داوا دەکات بەکارهێنانی سەوزە لە هەموو چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان و دەستگێڕەکان قەدەغە بکرێت.

لە نووسراێکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی کە ئاراستەی قایمقامیەتی ناوەندی سلێمانی کردووە تێیدا هاتووە: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی تەندروستی هاووڵاتیان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە، داوا دەکەین کە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەنەوە کە بەکارهێنانی سەوزە لە هەموو چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان و دەستگێڕەکان قەدەغە بکرێت، تا ئەوکاتەی کۆنترۆڵی پەتاکە دەکرێت".

نووسراوی تەندروستی سلێمانی
نووسراوی تەندروستی سلێمانی

پەیوەست بەو پرسە دوێنێ 15/6/2022، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای سلێمانی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "رێژەی تووشبوون بە پەتای سکچوون لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیادیکردووە و هیچ شوێنێک لە نەخۆشخانەی شار نەماوە و  بە ناچاری نەخۆشخانەیەکی دیکەیان بۆ نەخۆشانی ئەو پەتایە تەرخانکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرچەندە تا ئێستا بە پشکنین دەرنەچووە ئەم پەتایە کۆلێرا بێت، بەڵام بەپێی نیشانەکان گوماندەکەین پەتای کۆلێرا بێت".