بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران سێ بڕیار دەرکران  

بە رەچاوکردنی کوالیتی دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین
بەنزینخانەیەك لە هەولێر
بەنزینخانەیەك لە هەولێر

K24 - هەولێر:

ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی بەنزین و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و نوسینەگەی وەزیری کرد.

لەو نووسراوەدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێویستە ئەم کارانە بکرێت:

1.  کەمکردنەوەی رسوماتی کارگێڕی هەناردەکردن و هاوردەکردنی سامانە سروشتیەکان بۆ بڕی تەنیا 7 دۆلار بۆ هەر تەنێک.

2.  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت وەزارەتی دارایی و ئابووری رێوشوێنی پێویست بۆ دابەزاندنی نرخ بگرە بەر.

3.  رێگری بکرێت لە قۆرغکاری و دەرفەتی یەکسان بدرێت بە سەرجەم لایەنەکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین بەبێ جیاوازی و بە مەرجێك کوالیتی رەچاوبکرێت.