"بایرن میونشن رازیبووه‌ لیڤاندۆڤسكی بچێته‌ بارسێلۆنا"

جیرارد پیكێ و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی
جیرارد پیكێ و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی

بایرن میونشن رەزامەندی دەربڕیوە لە سەربەستکردنی رۆبەرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی بەرەو بارسێلۆنا، به‌ مه‌رجێك بارسێلۆنا بتوانێت داواكارییه‌ داراییه‌كانی یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات.

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە کە ئیدارەی یانە باڤارییەکە بە یەک جار داوای ٤٠ ملیۆن یۆرۆ دەکات، لە بەرامبەردا دەستبەرداربوون لە لیڤاندۆڤسکی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، یانە ئەڵمانییەکە دووەم ئۆفەری بارسێلۆنای رەتکردووەتەوە کە بەهای 32 ملیۆن یۆرۆیە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی بارسێلۆنا پێیان وایە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ بڕە پارەیەکی گەورەیە کە لەلایەکەوە لە توانا داراییەکانیان تێدەپەڕێت، هەروەها لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی ناگونجێت، بەهۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی.

هێما بۆ ئەوەش کراوە ئەو ئەستێرە پۆڵەندییە خەریکە جارێکی دیکە توڕەیی خۆی بەرامبەر بە بەرپرسانی بایرن میونشن بەرز دەکاتەوە، بۆ ئەوەی فشاریان لەسەر دروست بکات کە دەستبەرداری ببن و هیچ پلانێکیشی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ راهێنانەکانی یانە ئەڵمانییەکە.

لیڤاندۆڤسكی 33 ساڵ، له‌ هاوینی 2014 له‌ یانه‌ی بورووسیا دۆرتمۆند به‌ به‌های 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ یانه‌ی بایرن میونشن گواسترایه‌وه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا لیڤا له‌ كۆی 374 یاری، 344 گۆڵ و 72 ئاسیستی تۆمار كردووه‌.