پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران هات

"بڕیارە دوای تەواو بوونی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان پاره‌كه‌ بەسەر جوتیاراندا دابەش ده‌كرێت"
وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاران له‌ سایلۆكان
وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاران له‌ سایلۆكان

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران بۆ ساڵی 2022 خرایه‌ سه‌ر حیسابی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێم.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی رایگەیاندووه‌، بڕی 23 ملیار و  350 ملیۆن دیناری دیکەی شایستە داراییەکانی جوتیاران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پارێزگای سلێمانی (بڕی 9  ملیار دینار ) وە پارێزگای هەولێر (بڕی 7ملیار و 750  ملیۆن دینار) وە پارێزگای دهۆک بڕی ( 6 ملیار و 600  ملیۆن دینار) دابینكراوه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، بڕیارە دوای تەواو بوونی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان پاره‌كه‌ بەسەر جوتیاراندا دابەش ده‌كرێت.‌