له‌ ئه‌مه‌ریكا تاوتوێی پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش كرا

"پڕۆسەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال و پلانی هەرێمی كوردستان بو مافەکانی مرۆڤ تاوتوێكران"
باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك
باڵه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك

K24 – هه‌ولێر:

رێکخەری راسپارده‌ نێودەوڵەتییەکان و جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمه‌ریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتۆێی رۆڵی هەرێم لە پڕۆسەی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دەکەن.

نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، لە نیویوڕک د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ باڵیۆز ریچارد میلز، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمه‌ریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد لەوانە پڕۆسەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال و پلانی هەرێمی كوردستان بو مافەکانی مرۆڤ.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لە کۆبوونەوەکەدا د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردەکان باسی لەرۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و رایگەیاند، دوای هێرشەکانی داعش ئێزیدی و گشت پێکهاتەکان کۆمەڵکوژ کران، ‌‌ماڵ وموڵکیان تاڵانکرا، ئاوارە بوون و بەدڕندەترین شێوە رفێندران.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، بۆ هاوکاری کردنی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئاوارەکان کرد و خزمەتگوزاریی پێشکەش کردن لە هەمانکاتدا نووسینگەیەکی دامەزراند بۆ رزگارکردنی رفێندراوان و لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە بە مەبەستی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەرئاستی نێودەوڵەتی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراق توانییان تیرۆریستانی داعش لەناوبەرن و ناوچەکان رزگار بکەن و لەم پێناوەشدا نزیکەی (1800) پێشمەرگە شەهیدبوون و (10369) و  بریندار و (47) پێشمەرگە بێسەروشوێنبوون.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە رێکخەری راسپاردە نێوەوڵەتییەکان زێباری تیشکی خستە سەر رێککەوتننامەی شنگال و گوتی: "بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی (140) بەسەرپەرشتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) لە نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ئیتحادی رێککەتننامەی شنگال واژوو کرا، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیای چەکداری و هێزی دەرەکی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دۆخی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە وا دەخوازێت کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە رۆڵی خۆیان هەستن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان و رێگرتن لەهەرەشەکانی داعش.

هەماهەنگی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو لەم بارەوە دیندار زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و گوتی: لەم بارەوە کاری زۆر کراوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان و بەڵگەی زۆر پێشکەش بە یونیتاد کراوە، هەروەها بە دەیان هەزار بەڵگە ئەرشیف کراوە، لەلایەکی دیکەوە بە پشتگیری یونیتاد پڕۆژە یاسایەک لە حکومەتی هەرێم پێشکەش بە پەرلەمان کراوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە مەبەستی دادگایی کردن تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامیان داوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پرۆژە یاسایەکە روونیكرده‌وه‌، گرنگی بوونی ئەم دادگا تایبەتمەندە بۆ جێگری نێردەی هەمیشەیی ئەمه‌ریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی روونکرایه‌وه‌ لە دۆسییه‌ی دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش رۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوکاری کردنی هەرێم و عێراق بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش کە دەگەنە ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.

6565