عەمار حەکیم هه‌وڵده‌دات موقته‌دا سه‌در رازی بكات

ده‌یه‌وێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی و بەشداریکردنی لە پێکهێنانی حکومەت په‌شیمانی بكاته‌وه‌
عه‌مار حه‌كیم، رێبه‌ری ره‌وتی حیكمه‌ و موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در.. ئه‌رشیڤ
عه‌مار حه‌كیم، رێبه‌ری ره‌وتی حیكمه‌ و موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

عەمار حەکیم هەوڵەکانی دەستپێدەکات بۆ گەڕاندنەوەی موقتەدا سەدر بۆ پرۆسەی سیاسی و گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی و بەشداریکردنی لە پێکهێنانی حکومەت.

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەستی بە جومجۆڵەکانی کردووە تا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رازی بکات بگەڕێتەوە نێو پرۆسەی سیاسی و پەرەلەمانتارانیشی رازی بکات بگەڕێنەوە پەرلەمان و لە دەستلەکارکێشانەوە پاشگەز ببنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆچوونی جیاواز پەیدابووە دەربارەی پێکهێنانی حکومەت بەبێ سەدرییەکان و هەندێکیان دژی ئەو بۆچوونەن و هەندێکیشیان بە تایبەت ئەوانەی نزیکن لە ئێران، لەگەڵ ئەوەدان بەبێ سەدر حکومەت پێکبهێندرێت.

رەحیم عەبودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە هەواڵەکەی پشتڕاستکردووه‌تەوە و رایگەیاندووە، عەمار حەکیم هەوڵەکانی دەستپێکردووە تا سەدر بگەڕێنێتەوە نێو پڕۆسەی سیاسی. عەبودی دەشڵێت، لە رابردوودا سەدر هەوڵیداوە عەمار حەکیم لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەربهێنێت و بەشداریی پێبکات لە حکومەتی زۆرینە. دەشڵێت، ئەگەر ئەو نێوەندگیرییە سەری نەگرت، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێتە واقیع.