سەرۆک بارزانی: ئێمە تەسلیم نابین

شەڕ خراپترین شتە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی، لە رێوڕەسمی ناساندنی زنجیرەیەک کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاری شۆڕشەکانی بارزان لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "شەڕ خراپترین شتە، نابێ بیر لە شەڕ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین".

لەبارەی دۆخی عێراق و پەیوەندیییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆک بارزانی گوتی: "ئەگەر بەغدا جدی بێ و ئیرادەی رێککەوتن هەبێت، با دەستوور حەکەم بێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام دەستوور بەلاوە بنێنن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن، ئەو مافەی دەستوور بە خەڵکی کوردستانی داوە لێی بستێنەوە ئەمە قابیلی قبووڵ نییە. جارێکی دیکە تەئکید دەکەمەوە ئەو کێشانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئەگەر هەندێک کەس هەبن بیر لە هێز و چەک بکەنەوە، خەڵکی لەوان بەهێزتر و بە ئیمکانیەتتر خۆیان تاقیکردووەتەوە، ئەمە 100 ساڵە چیان دەستکەوتووە جگە لە ماڵوێرانی، لەمەودواش لەوە باشتر نابێت، شەڕ خراپترین شتە، نابێ بیر لە شەڕ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین".

دەقى وتارى سەرۆک بارزانى:..

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

میوانانى بەڕێز..

ئامادەبووانی بەڕێز..

زۆر خۆشحاڵ بووین بە تەشریفهێنانتان و زۆر بەخێر بێن.

سووپاسى زانکۆى سەڵاحەددین دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم مەراسیمە

سووپاسى بەڕێز بەهرام وڵەدبەگی و ئینستیتۆى کورد لە تاران دەکەم بۆ چاپ و ئامادەکردنی کتێبەکان

ئەمە یەکەمجارە پڕۆژەیەکی ئەکادیمی سەردەمیانە لەسەر خەبات و تێکۆشانی سێ سیمبووڵى مەزنی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان (شێخ عەبدولسەلامی بارزانى، شێخ ئەحمەدی بارزانى، مەلا مستەفا بارزانى) بەیەکەوە و بە پشتبەستن بە هەزاران بەڵگەنامەى ئەرشیفى ئێرانی و عوسمانی ئەنجام دەدرێت. کارێکی پیرۆز و گرانبەهایە و لە رۆژێکی مێژووییدا (18ى حوزەیران) رۆژى پەڕینەوەى بارزانى و هەڤاڵەکانی لە رووبارى ئاراس، ئەم مەراسیمە لەم رۆژەدا، کە پێشکەش دەکرێت، جێگەى دەستخۆشى و سوپاسگوزارى بێ پایانە بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەى بەم ئەرکە هەڵساون.

بەداخەوە مێژووی گەلەکەمان لە لایەن دوژمنانەوە شێوێنراوە. هەمیشە ویستوویانە ئەو خەباتە پیرۆزە وا پیشان بدرێت، کە خەباتی چەند عەشیرەت ولایەنێکە و هیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوەییەوە نییە، زۆر جار وا وەسفکراوە، کە رێگر و تاڵانچین. بەڵام ئەم بەڵگانە هەموو دەیسەلمێنن، کە خەباتى نەتەوەکەمان خەباتێکی رەوا بووە، ئومێدەوارم زانا و توێژەرانى کورد لەمەودوا خۆیان ماندوو بکەن و بە دوای ئەو بەڵگانەدا بگەڕێن و مێژووی نەتەوەکەیان بنووسنەوە.

په‌یامی سه‌رۆك بارزانی
په‌یامی سه‌رۆك بارزانی

رێبازی بارزان، رێبازێکی پیرۆزە، بەداخەوە ئێمەش نەمانتوانیوە وەکو پێویست ئەو رێبازە بە خەڵکی دیکە بناسێنین. لەسەر دەستى شێخ عەبدولسەلامی شەهید و شێخ ئەحمەدی برای، ئەم رێبازە لەسەر بنەمای خواپەرستى و مرۆڤدۆستی دامەزراوە. رێبازێکیان بۆ دەستنیشان کردین، کە هەتا ماوین شانازی پێوە بکەین. ئەم رێبازە بریتییە لەوەى دین رەوشتە، دین و نیشتمان لەیەک جیا ناکرێنەوە، لە مرۆڤایەتییدا هەموومان برای یەکدین. تێکۆشان فەرزە لە دژى زۆرداران، پاراستنى ژینگە، دادوەرى کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیانی ئاینی، فراوانکردنى خەبات لە سنوورى عەشیرەتییەوە بۆ سنوورى نەتەوەیی، خۆم هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم، کە قوتابییەکی بچووکی ئەو قوتابخانە گەورەیەم.

خۆرهەڵاتناسى بەریتانی ویگرام، لە سەرەتای سەدەی بیستەم هاتووەتە ناوچەکە، زۆر کەسى بینیوە و چووەتە خزمەتی شێخ عەبدولسەلامی بارزانى، لە کتێبەکەیدا باسى زۆر شتی کردووە، ئەوەى زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە، دەڵێت داوای لێکردم ئاسانکارى بۆ بکەم سەردانی لەندەن بکات، دەڵێت: لێم پرسى بۆ دەتەوێت سەردانی لەندەن بکەیت، لە وەڵامدا شێخ عەبدولسەلام پێی وتووە: دەمەوێت سەردانی پادشا جۆرج بکەم، باسى سەربەخۆیی کوردستان بکەم. شێخ عەبدولسەلام بارزانیی زۆر لە پێش سەردەمی خۆی بوو، چ لە چاکسازییەکانی کە ئەنجامی دا، چ لە بیروبۆچوونی لە بارەى نەتەوە و ئایینەوە. تا گەیشتووەتە ئەو رادەیەى دەوڵەتێکی فیدراڵى لە نێوان کورد و ئەرمەن و ئاشوورى دابمەزرێنێت.

بۆ ئەم مەبەستە سەردانى رووسیاى ئەو سەردەمەی کرد و لەگەڵ ئەندرانیک پادشای ئەرمەنی و مارشەمعونی ئاشوورى. ئێمە وامان دەزانی لە تەبلیسى پایتەختی جۆرجیای ئێستا نوێنەرى قەیسەریان بینیوە، بەڵام پێش دوو سێ ساڵ کە لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى رووسیا هات بۆ هەولێر، بۆى راستکردمەوە، کە قەیسەر خۆى لەوێ بووە، وتی ئەمە لە ئەرشیفى ئێمەدایە. لە گەڕانەوەیدا، هەندێک خائینی کورد، خیانەتیان کرد و شێخ عەبدولسەلامیان رادەستیی عوسمانییەکان کرد و ساڵى 1914 لە مووسڵ لەسێدارەدرا و شەهید کرا.

ئەو پڕۆژەیە سەرى نەگرت، چونکە شەڕی یەکەمی جیهانی و شۆڕشى ئۆکتۆبەر و کوشتارى ئەرمەنییەکانی بەسەردا هات و رەوشەکە گۆڕا. بەڵام شێخ ئەحمەدی برای جێگەى گرتەوە و نەیهێشت هیچ بۆشاییەک درووست ببێت. ئەویش ئەوەی توانی ئەنجامی دا. باشترین پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەى کوردستان، لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مەحموودی حەفید.

شێخ ئەحمەدی بارزانی، زاهیدێک بوو لەم دنیایەدا، ئەوانەى بە خزمەتی گەیشتبوون، دەزانن چەند گەورە بوو،  هەتا کۆچى دوایی کرد، دەستی لە پارە نەدا، 12 ساڵ کۆت و بەندی لە دەستوپێ بوو لە زیندانی بەسرە و بەغدا، چەند داوایان لێکرد، هەریەک لە نوورى سەعید و بەریتانییەکان چەند داوایان لێکرد، نامەیەک بنووسێت، داوای لێخۆشبوون بکات، بەڵام داوای نەکرد و وتی من داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەم. هیچم نەکردووە، تا داوای لێبووردن لە ئێوە بکەم، لە زینداندا مایەوە تا شۆڕشی تەمموزی 1958، لە 20ى تەمموز لە زیندان ئازاد کرا، من منداڵ بووم چووین بۆ پێشوازی.

مەلا مستەفا پێشمەرگەى ئەو رێبازەیە، قوتابى ئەوانە، ئەویش هەموو ژیانی خۆى تەرخان کرد بۆ خزمەتی نەتەوەکەی. هەر ئەو رێڕۆیشتنەى کە چۆن لە ئاراس پەڕینەوە و 53 رۆژ بە رێگەوە و چەندین جار تووشى شەڕ بوون، ئەمە هەر بۆخۆى قارەمانێتییەکی بێ وێنەیە بۆ خۆى و بۆ هەڤاڵەکانی، کە تەنیا شەش کەسیان لە ژیان ماون، یەکێک لەوان بە نوێنەرایەتیان کاک کازم شانەدەرى لێرەیە، سووپاس و رێزم هەیە بۆیان.

یەکێکی دیکە، لەو کەسانەى، کە زۆر نزیک بووە لە شێخ ئەحمەد، مقداد بارزانییە، ئەویش لێرەیە و بەخێر بێیت. رێز و سڵاوی بێ پایانم بۆ برای خۆشەویست و گەورەم کاک موحسین کە نزیکترین کەسی مەلا مستەفا بارزانی بوو ئەمڕۆ لێرەیە و ئێمەی سەرفرازکرد.

شیعرى پیرەمێرد زۆر بەرزە، وەسفى ئەو داستانە دەکات، بەڵام نازانم حافزی شیرازی چ پەیوەندییەکی هەبووە بە رووبارى ئاراسەوە، کە دەڵێت:

ای صبا گر بُگذری بر ساحلِ رودِ اَرَس                          بوسه زن بر خاکِ آن وادی و مُشکین کُن نَفَس

بەڕێزان…

بارزان، لە ساڵى 1892 بۆ یەکەمجار لە لایەن سوپاى عوسمانی سووتێنرا، تا رووخانی بەعس، 16 جار ناوچەى بارزان وێرانکراوە و سووتێنراوە، چ بە دەستى سوپاى ئەو دەوڵەتانە، چ بە دەستى جاش و نۆکەرانیان، بەڵام هەموو جارێکیش تەحەددا کراوە و لە جارى پێشتر باشتر ئاوەدانکراوەتەوە. ئەو خۆڕاگرییە بە هۆى چەک نەبووە، بەڵام چەکێکی کاریگەر و بەهێز هەبووە، ئەو بیروباوەڕ و عەقیدەیە بووە.

لە ساڵى 1931 بە ناهەق، فەوجێکی بەریتانی و فەوجێکی عێراقى پەلامارى بارزانیان دا و داوایان کرد، جەنابی شێخ خۆى رادەست بکات، شێخ رەتیکردەوە. شەڕ کرا، هەردوو فەوجەکە شکان، دوای ئەوە هێزی ئاسمانیی بەریتانی کەوتە بۆمببارانکردنى دێهاتەکان، تەرکیزیان لەسەر گوندی بارزان بوو، بۆیەکەمجار بوو بۆمبای تەوقیتکراو فڕێ بدرێت، دوو سێ بۆمببایان فڕێ دا، خەڵک ئەو سەردەمە زۆریان نەیدەزانی فڕۆکە چییە، تا بگات بە بۆمبای تەوقیت. ژن و منداڵی زۆر لە دەورى بۆمبەکە کۆببونەوە، جارێکیان نیوەى شەو تەقییەوە، بە نزیکەیی نەوەیەکی منداڵى گوندەکە شەهید بوون.

نموونەیەکی دیکە لە بارەى پەروەردەى بارزانییەکان بهێنمەوە، شەڕەکە بەردەوام بوو تا ساڵى 1932، دواجار ناچار بوون بچنە تورکیا، شوانێکیان لە نزیک گوندی بارزان، هێنایانە لای فەرماندەى فەوجەکانی بەریتانیا و عێراق، وتیان شێخ لەکوێیە، وتی پێتان ناڵێم، وتیان دەزانی: وتی بەڵێ دەزانم، وتیان چۆن پێمان ناڵێی، وتی خیانەتە نایڵێم، وتیان بڵێ نازانم، بۆ ئەوەى رێگەت بدەین، وتی: دەزانم، بەڵام پێتان ناڵێم و درۆ ناکەم، وتیان مادام ئەوەندە بە بیروباوەڕی بڕۆ.

چیرۆکێکی دیکە هەیە، رەنگە زۆر کەس بپرسێت، ئەرێ بۆ بارزانییەکان جامەدانی سوور دەبەستن، حەز دەکەم ئەوەش روون بکەمەوە، دوای ئەوەى لە 1932 بارزانییەکان کۆچیان کرد بۆ تورکیا، ئەوەى وڵاخی هەبووە، توانی بڕوات و ئەوەى نەیبووە، مایەوە. ئەو کاتە مشکی هەبووە لە کوردستان، سێ رەنگی هەبووە، خەمرى، سەوز و رەش. لە بارزانیش وەک ناوچەکانی دیکە، بە پێی حەزی خۆیان چ رەنگێکی ویستبا ئەوی دەبەست.

دواتر جامەدانی هاتە بازاڕ، شێخ ئەحمەدی بارزان، رەنگی سوورى بەست، لە خۆشەویستیی ئەو هەموو مریدەکانی بارزان جەمەدانی سووریان بەست، یەکێک لە ماددەکانی ئەحکامی عورفى کە راگەیەندرا، قەدەغەی جامەدانی سوور بوو، هەر کەس بیبەستێت، سزاکەى لەسێدارەدانە. رۆژێک مەفرەزەیەکی پۆلیس لە نزیک گوندی بارزان، مێردمنداڵێک دەبینن، کە جامەدانی سوورى بەستووە، بە جامەدانییەکەى دەیخنکێنن. تەرمەکەى رادەکێشن بۆ بلێ، کە مەرکەزی قائیمقامییەت بوو، دواى ئەو رووداوە، ژن و منداڵ پەلامارى بنکەی حکومەت دەدەن، بە رەشاش تەقەیان لێکردن، زۆر شەهید و بریندار بوون، رۆژى دواتر 12 پیاو ماقووڵی ناوچەى بارزانیان هێنا، لەبەر چاوی خەڵک لەسێدارەیان دان، لەو رۆژەوە بووە رەمزی تەحەددی، ئەوەى جامەدانی سوور نەبەستێت، واتە تەسلیمی زۆر و ستەمی دوژمن بووە. ئەمەیە چیرۆکی جامەدانی سوور.

ئێمە شانازی بەو مێژووە پڕ سەروەرییە دەکەین. شانازی بەوە دەکەین، کە هیچ کات رێگە نەدرا، خەباتى رەوامان لەگەڵ رژێمەکان ببێتە ناکۆکی لەگەڵ نەتەوەکان. ئەمە پێم وایە شتێکی گەورە و پیرۆزە و دەبێت لەسەرى بڕۆین. بەڵگەنامەکانی ئەو زنجیرە کتێبە لەسەر زارى دەسەڵاتدارانى وڵاتانی ناوچەکە خراوەتەڕوو. دەریدەخات، کە بزاڤ و شۆڕشەکانی بارزان، بزاڤی بەرخودان و رەتکردنەوەى ستەم و برەودان بە دادوەرى و پاراستنی ئاسایشى کۆمەڵایەتی و ژیانی پێکهاتەکان بووە، نەک بزاڤێکی عەشائیرى و ناوچەگەری. بە درێژایی مێژوو ستەمێکی زۆر لە نەتەوەکەمان کراوە، خۆیشمان زۆر ستەممان لە خۆمان کردووە.

ئێمە تووشى چەندین بێ بەڵێنی و بێ وەفایی بووین لە بەرامبەر خۆمان، خۆشباوەڕ بووین، بە دوو قسەى خۆش باوەڕمان بە هەموو شتێک کردووە، بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەیزانین، خۆزگە پێش 2003 دەمان زانی. بەداخەوە، تا ئێستاش فەرهەنگی یەکتر قبووڵ نەکردن، کورد بە کەم زانین، باوەڕنەبوون بە مافەکانی زاڵە. بەداخەوە. رەوشی ئێستا وەک دەبینن ناوچەکە هەمووی تووشى قەیرانێکی گەورەیە.

لە زۆر شوێن شەڕ هەیە. تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جددییە. ئەو کات دەمزانی و ئێستاش دەزانم تەواو نەبووە و دەشبینین تەواو نەبووە و بە ئاسانیش تەواو نابێت. لە عێراق لە ئۆکتۆبەرى رابردوو هەڵبژاردن کرا، بەداخەوە نەیانهێشت ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە وەک خۆى بەڕێوە بچێت.

ئێستاش عێراق لە قەیرانێکدایە، ئەوەى پێمان بکرێت، یارمەتی برادەرانمان دەدەین، لەو قەیرانە دەرچن، چونکە لە بەرژەوەندی هەرێمیشدایە. بەڵام لێتانی ناشارمەوە قەیرانەکە قووڵە. لە بارەى هەرێم و بەغداوە، ئێمە وامان زانی دوای پەسندکردنی دەستوورى عێراق لە 2005 ئیدی ئەمە دەبێتە رێنیشاندەر و ماف و ئەرکی هەموو لایەک پیشان دەدات، ئەگەر پابەندی پێ بکرێت گرفتەکان چارەسەر دەکرێن. ئەو کاتیش وتم ئەم دەستوورە نموونەیی و بێ کەموکورتی نییە، بەڵام دەستوورێکی زۆر زۆر باشە، ئەگەر بەراوردی بکەین، لەگەڵ دەوروبەرى خۆمان، دەستوورێکی زۆر رێکوپێکە، بەداخەوە نە پێوەى پابەند بوون و نە رێزی لێگیرا، ئەگەر بەغدا جددی بێت و ئیرادەی رێککەوتنی هەبێت، با دەستوور حەکەم بێت، بەڵام دەستوور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن و ئەو مافەى دەستوور بە خەڵکی کوردستانی داوە لێی بستێننەوە، ئەمە قابیلى قبووڵ نییە.

جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە، کە پێویستە ئەو کێشانەى هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئەگەر هەندێک کەس هەبن بیر لەوە بکەنەوە بە زۆری و چەک و هەڕەشە، قسە بکەن، خەڵکی لەوان بە تواناتر هەبوون خۆیان تاقیکردەوە، ئەمە 100 ساڵە چیان دەستکەوتووە جگە لە ماڵوێرانی، لەمەودواش لەوە باشتر نابێت.

شەڕ خراپترین شتە، نابێت بیرى لێ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین. زۆر جار هەڕەشە دەبیستین، هەڕەشەمان لێدەکەن، لە ناو خۆیشمان هەندێکیان دڵیان بەوە خۆشە ها چەند رۆژێک تەمەنی هەرێم ماوە، ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان درووست بووە و بە خوێنی رۆڵەى شەهیدانیش دەپارێزرێت.

لە کۆتاییدا زۆر پشتیوانی ئەو پێشنیازە دەکەم، سەنتەرێک بۆ ئەرشیف و بەڵگەنامەى نیشتمانی درووست بکرێت، پێویستە حکومەتی هەرێم بایەخێکی زۆرى پێ بدات، جارێکی دیکە بەخێرهاتنی هەموو لایەکتان دەکەم.

زۆر سووپاس و هەر شاد و سەرکەوتوو بن