دەقى وتارى سەرۆک بارزانى لە رێوڕەسمی ناساندنی زنجیرەیەک کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاری شۆڕشەکانی بارزان

سەرۆک بارزانی: بەداخەوە مێژووی گەلەکەمان لە لایەن دوژمنانەوە شێوێنراوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دەقی وتاری سەرۆك بارزانی:.

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

میوانانى بەڕێز..

ئامادەبووانی بەڕێز..

زۆر خۆشحاڵ بووین بە تەشریفهێنانتان و زۆر بەخێر بێن.

سووپاسى زانکۆى سەڵاحەددین دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم مەراسیمە

سووپاسى بەڕێز بەهرام وڵەدبەگی و ئینستیوتى کورد لە تاران دەکەم بۆ چاپ و ئامادەکردنی کتێبەکان

ئەمە یەکەمجارە پڕۆژەیەکی ئەکادیمی سەردەمیانە لەسەر خەبات و تێکۆشانی سێ سیمبووڵى مەزنی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان (شێخ عەبدولسەلامی بارزانى، شێخ ئەحمەدی بارزانى، مەلا مستەفا بارزانى) بەیەکەوە و بە پشتبەستن بە هەزاران بەڵگەنامەى ئەرشیفى ئێرانی و عوسمانی ئەنجام دەدرێت. کارێکی پیرۆز و گرانبەهایە و لە رۆژێکی مێژووییدا (18ى حوزەیران) رۆژى پەڕینەوەى بارزانى و هەڤاڵەکانی لە رووبارى ئاراس، ئەم مەراسیمە لەم رۆژەدا، کە پێشکەش دەکرێت، جێگەى دەستخۆشى و سوپاسگوزارى بێ پایانە بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەى بەم ئەرکە هەڵساون.

بەداخەوە مێژووی گەلەکەمان لە لایەن دوژمنانەوە شێوێنراوە. هەمیشە ویستوویانە ئەو خەباتە پیرۆزە وا پیشان بدرێت، کە خەباتی چەند عەشیرەت ولایەنێکە و هیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوەییەوە نییە، زۆر جار وا وەسفکراوە، کە رێگر و تاڵانچین. بەڵام ئەم بەڵگانە هەموو دەیسەلمێنن، کە خەباتى نەتەوەکەمان خەباتێکی رەوا بووە، ئومێدەوارم زانا و توێژەرانى کورد لەمەودوا خۆیان ماندوو بکەن و بە دوای ئەو بەڵگانەدا بگەڕێن و مێژووی نەتەوەکەیان بنووسنەوە.

رێبازی بارزان، رێبازێکی پیرۆزە، بەداخەوە ئێمەش نەمانتوانیوە وەکو پێویست ئەو رێبازە بە خەڵکی دیکە بناسێنین. لەسەر دەستى شێخ عەبدولسەلامی شەهید و شێخ ئەحمەدی برای، ئەم رێبازە لەسەر بنەمای خواپەرستى و مرۆڤدۆستی دامەزراوە. رێبازێکیان بۆ دەستنیشان کردین، کە هەتا ماوین شانازی پێوە بکەین. ئەم رێبازە بریتییە لەوەى دین رەوشتە، دین و نیشتمان لەیەک جیا ناکرێنەوە، لە مرۆڤایەتییدا هەموومان برای یەکدین. تێکۆشان فەرزە لە دژى زۆرداران، پاراستنى ژینگە، دادوەرى کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیانی ئاینی، فراوانکردنى خەبات لە سنوورى عەشیرەتییەوە بۆ سنوورى نەتەوەیی، خۆم هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم، کە قوتابییەکی بچووکی ئەو قوتابخانە گەورەیەم.

خۆرهەڵاتناسى بەریتانی ویگرام، لە سەرەتای سەدەی بیستەم هاتووەتە ناوچەکە، زۆر کەسى بینیوە و چووەتە خزمەتی شێخ عەبدولسەلامی بارزانى، لە کتێبەکەیدا باسى زۆر شتی کردووە، ئەوەى زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە، دەڵێت داوای لێکردم ئاسانکارى بۆ بکەم سەردانی لەندەن بکات، دەڵێت: لێم پرسى بۆ دەتەوێت سەردانی لەندەن بکەیت، لە وەڵامدا شێخ عەبدولسەلام پێی وتووە: دەمەوێت سەردانی پادشا جۆرج بکەم، باسى سەربەخۆیی کوردستان بکەم. شێخ عەبدولسەلام بارزانیی زۆر لە پێش سەردەمی خۆی بوو، چ لە چاکسازییەکانی کە ئەنجامی دا، چ لە بیروبۆچوونی لە بارەى نەتەوە و ئایینەوە. تا گەیشتووەتە ئەو رادەیەى دەوڵەتێکی فیدراڵى لە نێوان کورد و ئەرمەن و ئاشوورى دابمەزرێنێت. بۆ ئەم مەبەستە سەردانى رووسیاى ئەو سەردەمەی کرد و لەگەڵ ئەندرانیک پادشای ئەرمەنی و مارشەمعونی ئاشوورى. ئێمە وامان دەزانی لە تەبلیسى پایتەختی جۆرجیای ئێستا نوێنەرى قەیسەریان بینیوە، بەڵام پێش دوو سێ ساڵ کە لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى رووسیا هات بۆ هەولێر، بۆى راستکردمەوە، کە قەیسەر خۆى لەوێ بووە، وتی ئەمە لە ئەرشیفى ئێمەدایە. لە گەڕانەوەیدا، هەندێک خائینی کورد، خیانەتیان کرد و شێخ عەبدولسەلامیان رادەستیی عوسمانییەکان کرد و ساڵى 1914 لە مووسڵ لەسێدارەدرا و شەهید کرا. ئەو پڕۆژەیە سەرى نەگرت، چونکە شەڕی یەکەمی جیهانی و شۆڕشى ئۆکتۆبەر و کوشتارى ئەرمەنییەکانی بەسەردا هات و رەوشەکە گۆڕا. بەڵام شێخ ئەحمەدی برای جێگەى گرتەوە و نەیهێشت هیچ بۆشاییەک درووست ببێت. ئەویش ئەوەی توانی ئەنجامی دا. باشترین پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەى کوردستان، لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مەحموودی حەفید.

شێخ ئەحمەدی بارزانی، زاهیدێک بوو لەم دنیایەدا، ئەوانەى بە خزمەتی گەیشتبوون، دەزانن چەند گەورە بوو،  هەتا کۆچى دوایی کرد، دەستی لە پارە نەدا، 12 ساڵ کۆت و بەندی لە دەستوپێ بوو لە زیندانی بەسرە و بەغدا، چەند داوایان لێکرد، هەریەک لە نوورى سەعید و بەریتانییەکان چەند داوایان لێکرد، نامەیەک بنووسێت، داوای لێخۆشبوون بکات، بەڵام داوای نەکرد و وتی من داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەم. هیچم نەکردووە، تا داوای لێبووردن لە ئێوە بکەم، لە زینداندا مایەوە تا شۆڕشی تەمموزی 1958، لە 20ى تەمموز لە زیندان ئازاد کرا، من منداڵ بووم چووین بۆ پێشوازی.

مەلا مستەفا پێشمەرگەى ئەو رێبازەیە، قوتابى ئەوانە، ئەویش هەموو ژیانی خۆى تەرخان کرد بۆ خزمەتی نەتەوەکەی. هەر ئەو رێڕۆیشتنەى کە چۆن لە ئاراس پەڕینەوە و 53 رۆژ بە رێگەوە و چەندین جار تووشى شەڕ بوون، ئەمە هەر بۆخۆى قارەمانێتییەکی بێ وێنەیە بۆ خۆى و بۆ هەڤاڵەکانی، کە تەنیا شەش کەسیان لە ژیان ماون، یەکێک لەوان بە نوێنەرایەتیان کاک کازم شانەدەرى لێرەیە، سووپاس و رێزم هەیە بۆیان.

یەکێکی دیکە، لەو کەسانەى، کە زۆر نزیک بووە لە شێخ ئەحمەد، مقداد بارزانییە، ئەویش لێرەیە و بەخێر بێیت. رێز و سڵاوی بێ پایانم بۆ برای خۆشەویست و گەورەم کاک موحسین کە نزیکترین ئێمەی سەرفرازکرد ئەمڕۆ لێرەیە.

لەبارەی دۆخی عێراق و پەیوەندیییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەرۆک بارزانی گوتی: "ئەگەر بەغدا جدی بێ و ئیرادەی رێککەوتن هەبێت، با دەستوور حەکەم بێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام دەستوور بەلاوە بنێنن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن، ئەو مافەی دەستوور بە خەڵکی کوردستانی داوە لێی بستێنەوە ئەمە قابیلی قبووڵ نییە. جارێکی دیکە تەئکید دەکەمەوە ئەو کێشانەی هەن بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ئەگەر هەندێک کەس هەبن بیر لە هێز و چەک بکەنەوە، خەڵکی لەوان بەهێزتر و بە ئیمکانیەتتر خۆیان تاقیکردووەتەوە، ئەمە 100 ساڵە چیان دەستکەوتووە جگە لە ماڵوێرانی، لەمەودواش لەوە باشتر نابێت، شەڕ خراپترین شتە، نابێ بیر لە شەڕ بکرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بوونە، ئێمە تەسلیم نابین".