ئیسرائیل به‌ڵێنی وه‌ستاندنی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران ده‌دات

K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل رایگه‌یاند، ته‌لئه‌ڤیڤ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌توانایدا بێت ئه‌نجامی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بوه‌ستێنێت.
یائیر لاپید، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "شه‌وی رابردوو گفتوگۆیه‌كی دوور و درێژ و باشم له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا ئه‌نجامدا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له گفتوگۆكه‌ماندا باسمان له گۆڕانكارییه‌كانی ئۆكرانیا و بڕیاری فینله‌ندا بۆ به ئه‌ندامبوونی له هاوپه‌یمانی ناتۆ كرد".
له درێژه‌ی تویته‌كه‌یدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل جه‌ختیكرده‌وه، "سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی ئێران، به‌و وهزیرهم گوت: ئیسرائیل هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌توانایدا بێت ئه‌نجامی ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران بوه‌ستێنێت و به‌رگریش له‌خۆی بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و سوپاسی بڕیاره گرنگه‌كه‌ی فینله‌ندای كردووه، كه بۆ پاڵپشتیكردن له بڕیاری بۆردی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی له دژی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران داویه‌تی.
H.B