بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان گەنجێک لە سلێمانی دەستگیرکرا

"لەناو مۆبایلی گەنجەکەدا وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو هەبووە"
تۆمەتبار
تۆمەتبار

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی رایگەیاند، گەنجێکیان دەستگیرکردووە، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ئافرەتان کردووە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەستگیراوە بەسەر مۆبایلەکەیدا، کە "وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی تێدابووە".

ئەمڕۆ 19ی حوزەیرانی 2022، لە راگەیەندراوێکیدا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی رایگەیاند، رۆژی شەممە نووسینگەی  چەمچەماڵی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی، تۆمەتبارێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکرد، بە ناوی(ئ .ع .خ) کە تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە "لەناو مۆبایلی تۆمەتبارەکەدا ژمارەیەکی زۆر وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو هەبووە، کە هەڕەشەی پێ لە ئافرەتان کردووە، لە ئەگەری رازی نەبوونی ئافرەتەکان بە داواکارییەکانی تۆمەتبارەکە، پاش بەدواداچوونێکی مەیدانی ورد توانرا دەستگیر بکرێت و دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا بگیرێت".

دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، دوای ئەوەدێت، کە رۆژی 8ی ئەم مانگە، گەنجێکی دیکە کە 20 ساڵ بوو لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا، بەتۆمەتی ئەوەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لە کچێک کردبوو.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانانەی لە رێگەی ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە ئەنجام دەدرێن، پەرلەمانی کوردستان، ساڵی 2008، یاسای ژمارە شەشی بە ناوی (قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی لە هەرێمی كوردستان) دەرکرد.

بەگوێرەی ماددەی دووەمی ئەو یاسایە "هەرکەسێک ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یان ئامێرێکی پەیوەندی پەیوەندی کردنی تەلدار یان بێ تەل یان ئەنتەرنێت و پۆستی ئەلیکترۆنی، بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن (قذف) یان جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، کە ترس پەیدا دەکات، یان دزەی بە گفتوگۆ کردن کرد یان وێنەی چەسپاو یان جووڵاو یان کورتەنامەی بڵاوکردەوە کە لەگەڵ خووڕەوشتی گشتیدا ناگونجێت، یان بەبێ روخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت، یان کاروبارێکی وا کە شەرەف برینداربکات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدرەوشتی یان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەت یان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە، کە بەهەر رێگایەک بێت چەنگی کەوتبێت، هەتا ئەگەر راستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتی یان زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت (حبس) کە لە (6) مانگ کەمتر نەبێت و لە (5) ساڵیش زیاتر نەبێت، وە بە غەرامەیەکیش سزادەدرێت کە لە (1000000) یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (5000000) پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت".