ته‌ندروستی سلێمانی: لە ماوەی 6 رۆژدا لە نەخۆشخانەکان چوار هەزار نەخۆشی سکچوون و رشانەوە تۆمارکراون
K24 - هه‌ولێر:
دكتۆر سەباح هەورامی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی رایگه‌یاند، لەماوەی 6 رۆژی رابردوودا نزیكەی 4 هەزار حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشی سكچون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون، حاڵەتی قورسیشیان تێدایە، خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
دوێنێش دکتۆر پشدەر عه‌بدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان تایبەت له سلێمانی بە کوردستان24ی راگه‌یاند، لە چەند رۆژی رابردوودا منداڵێکی 3 بۆ 4 ساڵ بە هۆی سکچوون و رشانەوە گیانی لەدەستداوە.
هه‌فته‌ی رابردوو د. سەباح هەورامی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، رێژەی تووشبوون بە نه‌خۆشیی سکچوون لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیادیکردووە و ترس و گومانمان هەیە ئەم سکچوونەی بە رێژەیەکی زۆر لەناو پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بڵاوبووه‌تەوە، پەتای کۆلێرا بێت.