لە 15 رۆژدا 2 منداڵ بەهۆی سکچوون و رشانەوە گیانیان لەدەستداوە

نەخۆشخانەکان پڕبوونە لە تووشبووانی پەتای سکچوون و رشانەوە
منداڵێکی تووشبووی پەتای رشانەوە و سکچوون
منداڵێکی تووشبووی پەتای رشانەوە و سکچوون

K24 – سلێمانی

لە ماوەی 15 رۆژدا لە نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، دوو منداڵ بە هۆی پەتای سكچون و رشانەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرێوەبەری نەخۆشخانەكەش  ئاشكرای دەكات، هۆكارێكی دیكەی گیان لەدەستدانی ئەو دوو منداڵە ئەوە بووە "بەبێ زانیاری تەندروستی دەرمانی گیاییان پێدراوە کە كاریگەری خراپی كردووەتە سەر تەندروستیان".

شێركۆ عومەر، لەگەڵ منداڵەکانی لە نەخۆشخانەیە کە تووشی ئەو پەتایە بوونە، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "سەرەتا یەکێک لە منداڵەکانمان تووشبوو، دواتر یەک بە دوای یەک هەموویان تووشبوون، نێشانەی سەرەتای پەتاکەش رشانەوە بوو، دواتر تایە و سكچوون".

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشید، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو منداڵەی دوێنێ لە سلێمانی گیانی لەدەستدا رشانەوە و سکچوونی هەبووە، ساڵانە ئەو پەتایە بڵاودەبێتەوە، بەداخەوە هەندێک کەس لەوکاتەدا دەڵێن منداڵ بەبۆن کەوتووە، دەرمانی کوردەواری پێدەدەن، ئەمەش لە دوو لایەنەوە کاریگەری دەبێت، هەم وادەکات درەنگ بیان هێنن بۆ نەخۆشخانە، هەندێکجاریش ئەو دەرمانا کوردەواریانە وەک ژەهر مامەڵە لەگەڵ تەندروستی دەکەن و کاریگەری زۆر خراپیان دەبێت".

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لەماوەی 6 رۆژی رابردوودا نزیكەی 4 هەزار حاڵەتی توشبوون بەنەخۆشی سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون.