بەهای بیتکۆین لە داکەوتن بەردەوامە

K24 - ههولێر:
بەهای بیتکۆین لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا زیاتر دابەزی، بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2020ـەوە بۆ ئاستی ژێر 20 هەزار دۆلار دابەزی.
بیتکۆین بە بەهاترین و بەناوبانگترین دراوی ئەلیکترۆنییەوە، زیاتر لە سەدا 6ـی بەهاکەی لەدەستدا و بۆ 17 هەزار و 708 دۆلار دابەزی. تەنیا لە هەفتەی رابردووشدا سەدا 11.55ـی بەهاکەی لەدەستدا.
لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بیتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاستی و کە 68 هەزار و991 دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەوە سێ لەسەر چواری بەهاکەی لەدەستدا.
شارەزایان هۆکاری ئەو دابەزینە بۆ مەترسی هەوڵی بانکە ناوەندییەکان بە بەرزکردنەوەی نرخی سوو دەگەڕێننەوە، کە بەهۆی گوشارەکانی هەڵاوسان و سستبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان، نرخی سوو بەرزدەکەنەوە.