چەندین حاڵەتی پەتای کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکرا

10 حاڵەتیان لە بەغدا پشتڕاستکراونەتەوە
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، لەکاتی سەردانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، لەکاتی سەردانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی

K24 – سلێمانی

زیاتر لە 50 حاڵەتی تووشبوو بە پەتای کۆلێرا لە سلێمانی تۆمار کراوە.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، 10 حاڵەت لە تاقیگەی ناوەندی بەغدا پشتڕاستکراوەتەوە کە لە سلێمانی تووشی کۆلێرا بوونە، لای خۆشمان 56 حاڵەت پۆزەتیڤ دەرچوونە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا پارێزگار و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرایان لە شارەکە راگەیاند.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گوتی: "دوای ئەوەی ئەمڕۆ پشکنینەکانمان لە بەغداوە وەرگرتەوە 10 حاڵەتی تووشبوو بە کۆلێرا پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام لای خۆمان 56 حاڵەتمان هەیە پۆزەتیڤ دەرچووە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی عێراق پێی راگەیاندین دەبێ باری کتوپڕ لە سلێمانی رابگەیەنین، لیژنەیەکی  رووبەڕووبوونەوە بە سەرپەرشتی پارێزگار دروستبکرێت".

روونیکردەوە: "دەبێ هاووڵاتییان ئەوە بزانن پەتای کۆلێرا زۆر جیاوازە لە کۆرۆنا، کۆلێرا نەخۆشییەکی زانراوە ئەزانین هۆکار و چارەسەرەکەی چییە و چۆن کۆنترۆڵی دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسناکە دەبێ هاووڵاتییان زۆر وریابن".

د. سەباح، رێنمایی هاووڵاتییان دەکات: "ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا دەبن، ئەگەر زۆر وریای خۆیان نەبن دوور نییە گورچیلەکانیان لەدەست بدەن و گیان لەدەستبدەن، دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی و بە چەند کاتژمێرێک چارەسەر بکرێن و لە مردن رزگار بکرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "نابێ هاووڵاتییان ئاوێک بخۆنەوە یان بەکاری بێنن کە لە پاکی دڵنیانین، هەروەها دووربکەنەوە لەو ئاوەی کە گومان دەکرێت ئاوەکەی پاک نەبێت".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، راشیگەیاند: "هەموو رێکارەکانی تەندروستی و ئیداریمان گرتووەتەبەر هەوڵدەدەین لە ماوەیەکی کەمدا کۆلێرا کۆنتڕۆڵ بکەین، بۆ ئەمەش دەبێ هەموولایەک هاوکار و پشتیوانمان بن".

ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا 3 هەزار و 965 حاڵەتی سکچوون و رشانەوە لە نەخۆسخانەکانی سلێمانی چارەسەرکراون، مەرج نییە هەموو کۆلێرا بێت، بەڵام چونکە ئەنجامی پشکنینەکان بەمشێوەیە بووە، هەموو حاڵەتێکی سکچوون وەک کۆلێرا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".

نوێدەکرێتەوە..